گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وڵاتى سعودییە شوێنى گرتەوە

عێراق لە پلەی یەکەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ هیندستان پاشەکشەی کرد

2020.05.20 - 20:19
عێراق لە پلەی یەکەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ هیندستان پاشەکشەی کرد

ناس کورد-

 ئاژانسێکی جیهانی بڵاویکردەوە، عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە بەگەورەترین هەناردەکاری نەوت دادەنرێن بۆ وڵاتی هیندستان، لە پلەی یەکەمەوە  پاشەکشەی کرد بۆ پلەی دووەم  وسعودیەش چوەتە پلەی یەکەم.

 

 بەگوێرەی ئاژانسی"ڕۆیتەرز" لە ئێستادا وڵاتی سعودیە لە پلەی یەکەمدایە لە هەناردەکردنی نەوت بۆ وڵاتی هیندستان کە پێشتر عێراق بەیەکەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ ئەو وڵاتە هەژماردەکرا کە لە ئێستادا بە سێیەم گەورەترین کایەی ئابوری کیشوەری ئاسیا لە قەڵەم دەدرێت.

 

 ڕۆیتەرز، ئاماژەی بەوەکردووە، هیندستان کە لە هەمانکاتیشدا بە سێیەم گەورەترین هاوردەکاری نەوت دادەنرێت لە ئاستی ئاسیادا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا خواستی لە سەر نەوت زیادیکردووە، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو خواستە ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی نەوتی سعودیە (ئارامکۆ) و کۆمپانیای ( ئەدنۆک)ى ئیماراتی کردووە.  

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات، لە مانگی ڕابردوودا بڕی بەرهەمهێنانی نەوتیان زیادکردوە بەرامبەر بە داشکاندنی نرخەکەی، ئەوەش وەک هاندانێک بووە بۆ وڵاتی هێندستان بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی لەو کاڵایە لەو دوو سەرچاوەیە دابین بکات.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، هیندستان لە مانگی نیسانی ڕابردوودا خواستی ڕۆژانەی لە سەر نەوت بەرزبووەتەوە بۆ 4.63 مليۆن بەرميل کە بەرێژەی 5% دا بەراورد بە مانگی ئاداری ڕابردوودا زیادی کردوە.

 

 بەهۆی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا و پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی بەرگرتن لە پەتاکە لەلایەن حکومەتەکانی دونیا، خواست لەسەر نەوت بەشێوەیەکی زۆر دابەزی ئەوەش وایکرد نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا داڕووخانێکی زۆر بەخۆیەو ببینێت، ئەوەی زیاتر دۆخەکەشی ئالۆزتر کرد شەڕی ئابوری نێوان سعودیە و ڕوسیا بوو کە  وایکرد نرخی بەرمیلێک نەوت بێتە خوار 20 دۆلار و ئەوەش بە نزمترین ئاست دادەنرێت لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە.