گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەشێوازێکی جیاواز لە هەرێمەکانى باکوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتەدا بڵاوبووەتەوە

 چین؛ کۆرۆنا بە شێوە و ڤێرژنێکی جیاوازەوە توشبووان گیرۆدە دەکات

2020.05.20 - 18:52
 چین؛ کۆرۆنا بە شێوە و ڤێرژنێکی جیاوازەوە توشبووان گیرۆدە دەکات

ناس کورد-

شارەزایانی لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی چین ڕایانگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی وڵات شێوە و شێوازی بڵاوبوونەوەی خۆی گۆڕیوە بەجۆرێک ئاماژەکانی بەپێچەوانەی ئاماژەی ئەو ڤایرۆسەیە کە لەکۆتایی ساڵی ڕابردوودا لەشاری وهان بڵاوبووەوە.

 

 دوای ئەوەی چین ڕایگەیاند، کە کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە، لە ئێستادا پەتاکە بەشێوازێکی جیاوازتر لە هەردوو هەرێمی( جیلین و هیلۆنگ جیانگ) لە باکوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتەدا بڵاوبووەتەوە.

 

 شارەزایانی بواری نەخۆشییە گوازراوەکانی چین، دەربارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵات، ئاماژەیان بەوەکردووە " ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوت و شێوازی تەشەنەسەندی خۆی گۆڕیوە".

 

 لەئێستادا دەسەڵاتدارانی تەندروستی چین، ترسی ئەوەیان هەیە، توشبووانی ئەو حاڵەتانە لە هەردوو هەرێمی (جیلین و هیلۆنگ جیانگ)  کە دەکەونە نزیک سنوری نێوان چین و ڕوسیا سەرەتای سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە بێت.

 

 چیۆهایبۆ، شارەزا لە بواری چارەسەرکردنی حاڵەتە فریاگوزارییەکان لە لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی چین لەو باریەوە دەڵێت : "ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنایەی کە لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، نیشانەکان و شێوەی زۆر جیاوازە لەو ڤایرۆسەی کە لە شاری وهان لە ماوەی ڕابردوودا بڵاوبووەوە".

 

هایبۆ، ئەوەی ڕوونکردوەتەوە  "ماوەی مەڵاسدانی ڤایرۆسەکە لە باکوری خۆرهەڵاتی وڵات درێژترە، توشبووانیش پلەی گەرمی جەستەیان بەرز نابێتەوە، حاڵەتەکانیش ئەندامەکانی دیکەی جەستەیان دوچاری کێشە و هەوکردن نەبوەتەوە، بەڵام ئەوەی تێبینیکراوە سییەکانیان توشی گورزی سەخت دەبێتەوە".

 

 ئەو شارەزا چینیە، ئاماژەی بەوەشداوە "ئەو کۆرۆنایەی کە لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی چین بڵاوبووەتەوە بەئاسانی نیشانەکانی دەرناکەوێت، کەسی توشبووش ماوەیەکی درێژتری دەوێت بۆ چاکبوونەوە بەرارورد بە توشبووانی ڤایرۆسەکەی شاری وهان،  بۆیە کەسی توشبوو بە خۆی نازانێت و ڤایرۆسەکە دەگوازێتەوە بۆ کەسانی تر، ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە".

 

لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین نزیکەی 83 هەزار حاڵەتە و ئەوانەشی بەهۆی توشبوونیان بەڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە نزیکەی چوار هەزار و 700 حاڵەتن.