گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیرى شارەوانى هەرێم: دادگایەكی تایبەت بە زێدەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی پێكدەهێنرێت

2020.05.20 - 18:21
وەزیرى شارەوانى هەرێم: دادگایەكی تایبەت بە زێدەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی پێكدەهێنرێت

ناس کورد-

وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "لەئێستادا وەك هەنگاوی یەكەم لە پارێزگای سلێمانی، لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، دەست بەجێبەجێكردنی پرۆسەی پێكهێنانی دادگەیەكی تایبەت بە زێدەڕۆیی کراوە".

 

ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار ئاماژەى بەوە کرد "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار و بەگوێرەی ماددەی 10ی یاسای 3ی ساڵی 2018ی (یاسای رێگری لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەوی و زار و موڵكی دەوڵەت)، كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، کارئاسانی بۆ پێکهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی لە پارێزگەكان دەکات ".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار "ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆسەی پێكهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی لە پارێزگاكان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر زەوی و موڵکی دوڵەت، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، ئەندازیار توانا کەمال تاوتوێی پێکهێنانی ئەو دادگایەی کرد و دەستخۆشیی لێکردن کە هەڵستاون بە هەماهەنگی لەگەڵ دادگەی تێهەڵچوونەوە و دادگەی کەتن، بۆ کردنەوەی دادگەکە لەناو باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانی، جەختیشی کردەوە هاوکار و پاڵپشت دەبن بۆ کارەکانی دادگەکە و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بەڕێوەچوونی پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی".

 

عەونى ئاماژەى بەوە کردووە "پرۆسەی پێكهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی ئێستا لەناو باڵەخانەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پێكهاتووە و دەستپێشخەری و کارێکی باشی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییە، هیوادارین لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش هەمان دادگەی تایبەت پێك بێت، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاساكەی پەرلەمان رووبەڕووی زێدەڕۆیی ببینەوە".

 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێکهێنانی ئەو دادگە تایبەتمەندەی بە پێویستزانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی لە پارێزگاكان و شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان.

 

لەیاساکەى پەرلەماندا لەبارەى دامەزراندنى ئەو دادگا تایبەتمەندە لە ماددەى 10دا هاتووە :لە ناوەندی هەر پارێزگایەك دادگایەك پێك دەهێندرێت و لە قەزاكانیش دادوەرێك دەستنیشان دەكرێت بۆ تێڕوانینی زیادەڕۆییەكان و ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە زیادەڕۆی بە دۆسیەی پەلە ئەژمار دەكرێت.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى شارەوانى "پێكهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی پرۆسەی دادگاییكردن و سزادانی كەسانی زێدەڕۆكار خێرا دەكات، كە ئەمە گرفتێكی بەردەم فەرمانگە شارەوانییەكانە بەوەی كەسانی زێدەڕۆكار سوود لە نەبوونی دادگایەكی لەمجۆرە دەبینن، بۆیە پێكهێنانی ئەو دادگا تایبەتە پرۆسەی سزادان و دادگاییكردنی كەسانی زێدەڕۆكار خێراتر دەكات".

 

بریارەکە لەکاتێکدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بڕیاری بەخاوەنكردنی (تاپۆكردن) ئەو خانووە زێدەڕۆییانەیشی داوە كە لەپێش مانگی ئاداری ساڵی 2018 بەشێوەی زێدەڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان دروستكراون.