گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسانى تەندروستى لێدوانى جیاواز دەدەن لەبارەى توشبووى سێ کارمەندى نەخۆشخانەى شۆڕش بە کۆرۆنا

2020.05.20 - 14:13
بەرپرسانى تەندروستى لێدوانى جیاواز دەدەن لەبارەى توشبووى سێ کارمەندى نەخۆشخانەى شۆڕش بە کۆرۆنا

ناس کورد-

بەرپرسانى تەندروستى سلێمانى لێدوانى جیاواز دەدەن لەبارەى توشبووى سێ کارمەندى نەخۆشخانەى شۆڕش بە کۆرۆنا، بەرێوەبەرى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە دەڵێت ئەو سێ کەسە کارمەندى نەخۆشخانەکەن، بەڵام تەندروستى سلێمانى ڕەتی دەکاتەوە.

 

شەماڵ جەبار یاوەر، بەرێوەبەرى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە کە نەخۆشخانەى شۆرش سەر بە دەزگاکەیە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەشت کەس تووشى کۆرۆنا بوون، کە سێ کەسیان کارمەندى نەخۆشخانەکەن، پێنج کەسەکەی تر هاوڵاتین و دوای پشکنین دەرکەوتووە هەڵگرن بۆیە بۆ 48 کاتژمێر دەرگا دادەخەین".

 

وتیشى، "پشکنین بۆ کارمەندانی تر دەکرێت و نەخۆشخانەکە پاکژ دەکرێت".

 

ئەو هەشت توشبووە دوێنێ لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە تۆمارکرا لەکۆى نۆ توشبوو هەشتیان لە سلێمانى و ئەوەى تر لە هەولێر بوو.

 

 

بەڵام هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى بۆ ناس کورد وتى، "ئەوەى هەیە ئەوەیە سێ کەس لە توشبووەکانى دوێنێ، ماوەى سێ ڕۆژ لە بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى شۆڕش ماونەتەوە و دواتر پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە توشى کۆرۆنا بوون و براونەتە نەخۆشخانەى ئاساى تایبەت بە کۆرۆنا".  

 

ئەو ڕەتیکردەوە کە ئەو سێ کەسە کارمەندى نەخۆشخانەى شۆڕش بن.

  

بەوتەى هێرش سەلیم، "ئێستا نەخۆشەکان بارى تەندروستیان جێگیرە و تەنها بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەکە پاکژ دەکرێت و نەخۆشخانەکە کەرەنیتن نەکراوە، چونکە نەخۆشخانە کەرەنتین ناکرێت".