گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێویستە ڕاشکاو بین

زانایەکی بەریتانی: کۆرۆنا کۆتایی نایەت و دەبێت لەگەڵی ڕابێین

2020.05.19 - 23:15
زانایەکی بەریتانی: کۆرۆنا کۆتایی نایەت و دەبێت لەگەڵی ڕابێین

ناس کورد- 

زانايان سەرقاڵى دۆزينەوەى ڤاكسينێكن لەدژی ڤايرۆسى كۆرۆنا و لەناوبردنى، بەڵام هەندێك لە زانايان هۆشدارى دەدەن لە بوونى هيوا و متمانەى زۆر و پێيانوايە كۆرۆنا لەناو ناچێت و دەمێنێتەوە.

 

ئەوەتا دەیڤد ڕۆبێرسۆن، زاناى بەريتانى و سەرۆكى بەشى بۆهێڵى ڤايرۆسى و زانيارى زيندەيى لە زانكۆى گۆلاسكۆ دەڵێت، هيچ دەرفەتێك نييە بۆ لەناوبردنى ڤايرۆسى كۆرۆنا بە تەواوەتى، ئەوەش بەهۆى ئەو توانا گەورەى هەيەتى لە بڵاوبونەوە.

 

باسى لەوەشكردوە، ناتوانرێت بەشێوەيەكى بنەڕەتی كۆنترۆڵى ڤايرۆسى كۆرۆنا بكرێت و زۆر بەخێرايى بڵاودەبێتەوە، بەڵام بارودۆخەكە لەوەى ئێستا هەيە خراپتر نابێت لەڕوى ژمارەى توشبوان و قوربانيانەوە.

 

ئەو زانا بەريتانیيە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، كۆرۆنا زۆر لە ڤايرۆسى ئيپۆلا جياوازترە، ئيپۆلا زياتر خەڵك دەكوژێت و بکوژترە، بەڵام دەتوانرێت بە ئاسانى ئاشكرا بكرێت و ئەوانە ديارى بكرێن كە ڤايرۆسەكەيان بۆ گواستراوەتەوە.

 

سەبارەت بە كۆرۆنا دەڵێت: "ئەو ڤايرۆسە كەسانێكى زۆر توش دەكات بەبێ ئەوەى نیشانەکانیان تێدا دەركەوێت، ياخود زۆر بە سوكى نەخۆش دەكەون، ئەوەش ئەركەكەى ئاڵۆزكردووە بۆ گەيشتن بەو كەسانەى توشبون تاوەکو جيابكرێنەوە". 



دەیڤید ڕۆبێرتسۆن جەختیشی کردووەتەوە کە "پێويستە لەسەرمان ڕون و ڕاشكاو بين، ناتوانين بە تەواوەتى كۆتايى بە ڤايرۆسى كۆرۆنا بهێنین، كۆرۆنا دەبێتە ڤايرۆسێكى ئاسايى و لەناو خەڵكى جيهاندا بڵاودەبێتەوە لە چەند ساڵى داهاتوودا، ئەوەش واتاى ئەوەيە كە دۆزینەوەى ڤاكسين قۆناغی كۆتايى نييە بۆ ئەو بارودۆخەى جيهانى تێكەوتوە".