گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’پێویست بە قەدەغەی هاتوچۆ ناکات’’

ئایا سلێمانی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژندا جێبەجێ دەکات؟

2020.05.19 - 22:39
ئایا سلێمانی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژندا جێبەجێ دەکات؟

ناس کورد-

لەبارەی دەنگۆی جێبەجێنەکردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی ڕونکردنەوە دەدرێت و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەڵێت، هیچ پێویستی بە قەدەغەی هاتوچۆ نەدەرکرد، بەڵام بڕیارەکە هی وەزارەتی ناوخۆیە و تائێستاش هیچ شتێک نییە بۆ ئەوەی لە سلێمانی جێبەجێ نەکرێت، "بەڵام پارێزگاری سلیمانی دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات و جێبەجێی نەکات".

 

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری بێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێت.

 

لەو بارەیەوە ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت: "ئێمە وەک لیژنەکەمان و ئیدارەی پارێزگای سلێمانی پێش بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک ڕێنماییمان دەکرد و زۆرینەی ئەندامانی لیژنەکەش بە تەندروستیشەوە ڕامان وابوو کە پێویست بە قەدەغەی هاتوچۆ ناکات، بۆیە بڕیارمان دا ڕۆژانی جەژن هاتوچۆ ئاسایی بێت و تەنها هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن".

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی وەزارەی ناوخۆی گرت و وتی: " بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ پێچەوانەی بڕیارەکەی ئێمە بوو، نازانین بۆچی دەرکرا، بەتایبەت لەم بارودۆخەکە کە دۆخی دارایی هاووڵاتیان زۆر خراپە و ئێمەش خۆمان لێرە بڕیارمان دابوو".

 

بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارەکانی هەرێمی کوردستانە و هیچ ئاماژەیەکیش نەکراوە بۆ ئەوەی پارێزگاکان خۆیان بتوانن ڕێنمایی دەربکەن.

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "تاوەکو ئێستا هیچ بەرنامەیەک نییە بۆ ئەوەی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ڕوبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا کۆببێتەوە و بڕیار بدات کە پابەند نەبێت بە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام هەرکات سەرۆکی لیژنەکە کە پارێزگاری سلێمانییە بیەوێت دەتوانێت داوای کۆبوونەوە بکات و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدرێت."

 

بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ لەکاتیکدایە، ڕۆژێک پێشتر، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە و کۆمەڵێک ڕێنمایی تایبەت بە ڕۆژانی جەژن دەرکرا و بڕیاریش درا لە ڕۆژانی جەژندا هاتوچۆ ئاسایی بێت، بەڵام بریارەکەی وەزارەتی ناوخۆ ڕیسەکەی کردنەوە بە خوری.