ناس کورد-
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی تۆمەتبارکردنی لاهور شێخ جەنگی بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکەی دهۆک وەڵامی پاڕێزگاری ئەو پارێزگایەی دایەوە و دەشڵێت، ڕەوتێك لە ناو پارتی هەیە كە حەز بە ئاشتی نێوماڵی كوردی و پەیوەندی ئاسایی نێوان هێزەكانی كوردستان ناكات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2020، بەشی بەدواداچوون و زانیاریی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی وتەکانی فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک دەربارەی خۆپیشاندانی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی مامۆستایانی شارەکە بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پارێزگار لە جیاتی وەڵامدانەوەیەكی دەستبەجێ و قەناعەتپێكەر بۆ رەوشی بادینان و ماجەرای سەركوتكردنی داخوازی مامۆستایان و هاووڵاتیانی مەدەنی، بەڕاست و چەپدا تۆمەتی سیاسیی بەشییەوە، بەشی زۆری تۆمەتەكانی رووی لە سەركردایەتی یەكێتی و بە تایبەتیش لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆك بوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "هەموو كەس تێدەگا ئەو تۆنی قسەكردنە تۆنی رەوتێكە لە ناو پارتی كە حەز بە ئاشتی نێوماڵی كوردی و پەیوەندی ئاسایی نێوان هێزەكانی كوردستان ناكات و دەیەوێت هەر دەستپێشخەریییەكی پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی لەبار ببات و هەمووان بگەرێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم".
بەشی بەدواداچوون و پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەوە خوێندنەوەیەكی هەڵەیە، چونكە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەسەنگەری داخوازی و پێویستی جەماوەرەوە بەشدارە لە حكومڕانی كوردستان و خۆی لە شاندانەبەر ئەركی خزمەت و بەرپرسیارێتی نەدزیوەتەوە و نادزێتەوە، باوەڕی نەگۆڕیشی بە یەك ئاراستەی كوردستانی و دیموكراسی هەیە كە وەڵامدەرەوەی داخوازی رەوا و ئاشتیخوازانەی جەماوەری گەلی كوردستان بێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "خەڵك دەزانێت یەكێتی وەك نەریتی رەوتی كاری چەندین ساڵەی لە روانگەی دەربەستی سیاسییەوە وەكو باوەڕی بە پاشقول گرتن نییە، قەتیش دۆخی داخرانی ئیدارە و فەرمانڕەوایی لە بادینان نەسەلماندووە و بەشێوازێكی دروستی شایانی گەلەكەمانی نەزانیووە رەنگە لەبەر ئەوەش و بۆ تێكنەدانی هیوای ئاقڵمەندان و پەرۆشانی گەلەكەمان بە گفتوگۆی نێوان و بە چارەسەری كێشەكانی گوزەران و ژیانی هاووڵاتیان كە لای هەموو هێزێكی سەنگین ئەولەویەتە، جوابی راگەیاندنی پارتی و پارێزگارەكەیان نەداوەتەوە".