گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە 50 ڕۆژی ڕابردوودا چەندە بەرزبووەتەوە؟

ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی مەترسیدارتر لە سەرەتا بەرزدەبێتەوە

2020.05.19 - 18:52
ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی مەترسیدارتر لە سەرەتا بەرزدەبێتەوە

ناس کورد-

ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە جیهاندا بەردەوام لە هەڵکشاندایە و بەشێوەیەک نزیک دەبێتەوە لە پێنج ملیۆن کەس، لەو ژمارەیەش چوار ملیۆنیان لە 50 ڕۆژی ڕابردوودا توشبوون، هاوکات لەکۆی گیانلەدەستدانی 320 هەزار کەس 270 هەزاریان لە 50 ڕۆژی ڕابردوودا بووە.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2020، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە جیهاندا چوار ملیۆن و 926 هەزار کەسە و بەرەو پێنج ملیۆن توشبوو دەچێت، هاوکات تا ئێستا زیاتر لە 320 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدەستداوە.

 

کۆرۆنا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا و لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەرەو زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەنگاوی نا، تاوەکو 2ی نیسانی ڕابردوو ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە گەیشتە یەک ملیۆن کەس و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بە ڤایرۆسەکە 51 هەزار کەس بوو.

 

ئەوەی جێی سەرنجە، لەدوای تێپەڕاندنی ملیۆنێک لە توشبووان، ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە زۆر بەخێرایی زیاتربوو، بەشێوەیەک لە بەرواری 2ی نیسان، واتە لەماوەی 50 ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی چوار ملیۆن توشبووی نوێی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون، هەروەها 270 هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە سەرەتا زۆر مەترسیدارترە.

 

ئەمریکا زەرەرمەندترین وڵاتی دنیایە و زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزاری کۆی توشبووان لەو وڵاتەن، هەروەها زیاتر لە 92 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدەستداوە کە بەهەمانشێوە زۆرترینە لەسەر ئاستی جیهان، هاوکات لەئێستادا ڕوسیا لە کۆرۆناشدا ڕکابەرایەتی ئەمریکا دەکات و پلەی دووەمی زۆرترین توشبووی ڤایرۆسەکەی بە نزیکەی 300 هەزار توشبوو گرتووە.

 

پاش پێنج مانگ لە سەرهەڵدانی، بەڵام تائێستا هیچ ڤاکسین یاخود چارەسەرێکی سەرەکی پەتاکە نەدۆزراوەتەوە و تەنها لەڕیگەی هەندێک دەرمانی دیکەوە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر توشبووان کەمدەکرێتەوە.