گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوایەک ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

کۆمەڵ بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: هەوڵی دروستکردنی دەسەڵاتێکی پۆلیسی دەدرێت

2020.05.19 - 18:25
کۆمەڵ بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: هەوڵی دروستکردنی دەسەڵاتێکی پۆلیسی دەدرێت

ناس کورد-

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان دیدارێکیان لەگەڵ تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دا و سەرۆکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان هەوڵ بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی پۆلیسی دەدرێت، داواش دەکات دامەزراوە یاساییەکانی هەرێم لە دەستی حزب ڕزگار بکەن.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ ئاماژەی بەوەکردوە: "دۆخێکی نالەبار و ئاڵۆز لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، هەوڵ بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی پۆلیسی دەدرێت کە لەسایەیدا هیچ مافێکی خەڵک و شکۆی پەرلەمانیش پارێزراو نیە، لەبری ئەوەی پەرلەمان لە حکومەت بپرسێتەوە، شتەکە پێچەوانە بۆتەوە و حکومەت لێپرسینەوە دەکات و پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاریش هەڵدەگرن".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "لە ڕابردوودا پارتی و یەکێتی بەتایبەتیش پارتی، هەموو هەوڵێکی بۆ دروستکردنی پەرلەمانێکی لاواز و بێدەسەڵات بووە و ئەمەشی ئێستا ڕوودەدات دەرەنجامی ئەو ئەجێندا حزبییەیە".

 

تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهاتبوون لە فرانك لاناو، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت له‌ كوردستان و مايرا كوپرس، به‌رپرسی به‌شی سیاسی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان.

 

دەربارەی تێڕوانینی کۆمەڵ بۆ پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ ڕایگەیاند: "ئێمە پێمانوایە دەبێ پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت، کۆمەڵ خوازیاری پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانەیە کە بە قازانجی هەموو گەلانی عێراق، بەتایبەتیش خەڵکی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت".

 

هاوکات سەبارەت بە کێشەی ئابوری و دارایی هەرێم لەگەڵ بەغدا، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بە شاندی نەتەوەیەکگرتووکانی وتووە: "ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم پێیان دەوت (ئابوری سەربەخۆ) بەتەواوی شکستیهێناوە و دەرکەوت بەبێ بەغدا ناتوانن موچەی مانگێکی موچەخۆران بدەن، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین حکومەتی هەرێم نەوت و داهاتەکانی دیکە بداتەوە بەغدا، بەو مەرجەی بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە خەرج بکات" .

  

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "لە کۆتاییدا عەبدولستار مەجید داوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن لە بەدامەزراوەییکردنی دەزگا نیشتمانیی و هەڵبژێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و سەروەرکردنی یاسا و ڕزگارکردنی لە دەستی حزبە دەسەڵاتدارەکان".