گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچى ترەمپ دەرمانی دژە مەلاریا بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا بەکاردەهێنێت؟

2020.05.19 - 16:41
بۆچى ترەمپ دەرمانی دژە مەلاریا بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا بەکاردەهێنێت؟

ناس کورد-

ئاشکراکردنى بەکارهێنانى دەرمانى دژە مەلاریا لەلایەن ترەمپەوە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا، مشتومرێکى گەورەى لە ئەمریکا لێکەوتووەتەوە، بەهۆى پشتگوێخستنى ترەمپ بۆ ڕاسپاردەکانى بەرپرسانى تەندروستى وڵاتەى لەبارەى ئەو دەرمانەوە.

 

دوێنێ دووشەممە، 18ی ئایاری 2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لە لێدوانێکى کتوپڕدا ئاشکرایکرد، نزیکەى 10 ڕۆژە دەرمانى هيدروكسى كلوروكينى دژە مەلاریا بەکاردەهێنێت بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا، لەکاتێکدا پێشتر بەرپرسانى تەندروستى هۆشداریان دابوو لە بەکارهێنانى.

 

ترەمپ بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند، "نزیکەى هەفتە و نیوێکە بەکاریدەهێنم، ڕۆژانە یەک حەب"، ئەوەش کاردانەوەى زۆری لە ناوەندى زانستى پزیشکى و سیاسیدا لێکەوتەوە.

 

دەرمانى هيدروكسى كلوروكين ماوەیەکى درێژە دژى مەلاریا بەکاردەهێنرێت، بەڵام ڕادەى کارابوونى دژى کۆرۆنا هێشتا نەسەلمێنراوە لەلایەن هیچ توێژینەوەیەکى وردى پزیشکییەوە.

 

لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى هۆکارى بەکارهێنانى ئەو دەرمانەوە، ترەمپ وتى، "پێموایە ئەوە باشە، گوێبیستى چەندین شتى زۆر باش بووم لەو بارەیەوە".

 

بەرپرسانى تەندروستى ئەمریکا و کەنەدا لە کۆتایی مانگى نیساندا هۆشداریان دابوو لە مەترسی بەکارهێنانى ئەو دەرمانە بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا یان چارەسەرى توشبووان، تا ئەوکاتەى تاقیکردنەوەى پراکتیکی لەسەر دەکرێت. هەروەها هۆشداری درابوو لەوەى لێدانى دڵ روبەڕووى گرفت بێتەوە بەهۆى بەکارهێنانى دەرمانەکەوە.

 

کاردانەوەکان

لەسەر قسەکانى ترەمپ، نانسى پیلۆسى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا بە کەناڵى سی ئێن ئێنى ئەمریکى ڕاگەیاند، "پێموانییە ئەوە بیرۆکەیەکى باش بێت، واباشترە سەرۆک شتێک نەخوات کە زانایان ڕەزامەند نین لەسەرى، بەتایبەتى بەهۆى تەمەنی و کێشییەوە".

 

هاوکات چاک شومەر، سەرۆکى دیموکراتەکان لە ئەنجومەنى پیران قسەکانى ترەمپى بە "مەترسیدار" ناوبرد و دەڵێت، "ئەوە هیوایەکى هەڵە دەدات بە خەڵک.. هەروەها دەیانخاتە مەترسییەوە".

 

ترەمپ لەگەڵ ئەوەى جەختیکردەوە کە هیچ نیشانەیەکى کۆرۆناى لەسەر دەرنەکەوتووە، ئاماژەى بەوەشکرد، کە بەشێوەیەکى ڕێکخراو پشکنینى بۆ دەکرێت بۆ ئەوەى دەربکەوێت کە ئایا تووش بووە یاخود نا.

 

 " 40 ساڵە بەکاردەهێنرێت" 

ترەمپ ماوەیەکە بە حەماسەوە دەردەکەوێت و بەرگرى لە ئەنجامى چاوەڕوانکراوى تاقیکردنەوەى ئەو دەرمانە دەکات بۆ روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا، لە ناوەڕاستى مانگى ئازاردا ڕیگەیاند کە پێیوایە ئەو دەرمانە یارییەکە دەگۆڕێت.

 

ترەمپ رۆژى دووشەممە بۆ ماوەیەکى درێژ بۆ ڕۆژنامەنوسانى شیکردەوە کە بۆچى ئەو دەرمانەى هەڵبژاردووە بۆ ئەوەى بەکاریبهێنێت "توشى شۆک دەبن لەبارەى ژمارەى ئەو کەسانەى کە بەکاریدەهێنن، بەتایبەتى ئەوانەى لە هێڵى پێشەوەن، پێش ئەوەى توشى ڤایرۆسەکە ببن".

 

وتیشى، ئەو دەرمانە "هیچ زیانێکى نییە، ماوەى 40 ساڵە بەکاردەهێنرێت، زۆرێک لە پزیشکان بەکاریانهێناوە".

 

لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ جەختیکردەوە، بەکارهێنانى ئەو دەرمانە دەستپێشخەرییەکى کەسى خۆى بووە، بەڵام بە هەڵکردنى گڵۆپى سەوز بووە بۆى لەلایەن پزیشکى کۆشکى سپییەوە.

 

لاى خۆیەوە، شون کونلى، پزیشکى کۆشکى سپى ڕایگەیاند، دواى چەندین گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەى کە "سودى چاوەڕوانکراوى دەرمانەکە زیاترە لە مەترسییەکانى".

 

كلوروكين و هيدروكسي كلوروكين چەندین ساڵە بۆ چارەسەرى توشبووانى مەلاریا و باشکردنى بەرگرى جەستە بەکاردەهێنرێن.

 

بەپێی توێژینەوەیەک کە نزیکەى دە رۆژ لەمەوبەر لە گۆڤارى "نيو ئینگلاند"ى پزیشکى بڵاوکرایەوە، خواردنى ئەو دەرمانە نابێتە هۆى هیچ باشبونێکى گەورە یان خراپبوونى گەورەى بارى تەندروستى توشبووانى کۆرۆنا، ئەوانەى کە بەدەست نیشانەى مەترسیدارەوە دەناڵێنن.