گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتى دەیەوێت سەرکردایەتى هاوبەش لەگەڵ گۆڕان زیندووبکاتەوە

2020.05.19 - 15:08
یەکێتى دەیەوێت سەرکردایەتى هاوبەش لەگەڵ گۆڕان زیندووبکاتەوە

ناس کورد-

یەكێتی نیشتمانی كوردستان نیازى خۆى ئاشکراکرد بۆ زیندووکردنەوەى سەرکردایەتى هاوبەش لەگەڵ گۆڕان، بەپێی رێککەوتنى دەباشان کە چوار ساڵ لەمەوبەر لەنێوانیان واژۆکرا.

سەرۆكایەتی یەكێتی لە پەیامێکدا بەبۆنەى ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە ڕایگەیاند، "كوردستان لە هەمووكات زیاتر پێویستی بە سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال و راشكاویی كاك نەوشیروانە و جێگەی خاڵیی ئەم دوو هاوڕێیەی خەبات، بە روونی لە تانوپۆی كوردەواریدا هەستی پێدەكریت".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە "لە یادمانە دوا هەنگاوی سیاسیی مام جەلال و كاك نەوشیروان، كاركردن بووە بۆ دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان. ئەمڕۆ ئێمە درێژەدان بەو هەنگاوه،‌ بە ئەركێكی سەرەكی خۆمان دەزانین و خەباتی بۆ دەكەین".

 

جەختکردنەوەى یەکێتى لەکارکردن بەو ئاڕاستەیە دواى ئاسایی بوونەوەى پەیوەندیەکانى یەکێتى و گۆڕان و هاوهەڵوێستیان دێت لەچەند پرسێکدا لەناویاندا پرسی لامەکەزیەت.



یەکێتى و گۆڕان ساڵى 2016 و دواى واژۆکردنى رێککەوتنى سیاسی نێوانیان سەرکردایەتییەکى هاوبەشیان دروستکرد، کە ئەندامەکانى لە بەرپرسە باڵاکانى هەردوولا پێکهاتبوون، بەڵام دواى ساڵێک رێککەوتنەکە هەڵپەسێردراو سەرکردایەتییەکەش هەڵوەشایەوە و هەردولا یەکتریان بە پێشێلکردنى تۆمەتبارکرد.

 

دواى رووداوى تەقەکردن لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە سلێمانى لەساڵى 2018، پەیوەندییەکانى گۆڕان و یەکێتى ئاڵۆزتر بوون. بەڵام دواى ئەنجامدانى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا هەنگاوەکان بۆ نزیکبوونەوەى هەردولا دەستپێکرد و لەدوو هەفتەى ڕابردوودا دووجار کۆبوونەوە.

 

شەممەى ڕابردوو دەرباز محەمەد، ئەندامى خانەى ڕاپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە هەژمارى فەرمى خۆى لە فەیسبوک ئاماژەى بەوەکرد "ئێستا قۆناغێکی نوێیە، پاش ژانێکی زۆر سەخت، گۆڕان لاپەڕەیەکی نوێی ھەڵداوەتەوە، لاپەڕەیەک کە بەرژەوەندی خەڵک ناونیشانەکەیەتی، یەکێتی ھەمان نیازی ھەیە، بەوردی چاوەڕوانی وەرگێڕانی نیەتەکانین بۆ کردار، کرداری سەرەکیش لای یەکێتیە".  

 

جگە لە پرسی لامەرکەزیەت، ئەو دوو حزبە لەچەند پرسێکى دیکەدا هاوهەڵوێستن، لەکۆبوونەوەى حەوتى ئەم مانگەى پەرلەماندا کە تێیدا متمانە لە پەرلەمانتار سۆران عومەر وەرگیرایەوە، لەگەڵ پێنج فراکسیۆنى دیکە هاوهەڵوێست بوون و کۆبوونەوەکەیان بایکۆتکرد.

  

سەربارى ئەوەش گۆڕان و یەکێتى رەخنەیان هەیە لە هاوبەشەکەیان لە حکومەت (پارتى)، لەکاتێکدا هەریەکەیان بەجیا رێککەوتنیان لەگەڵ ئەو حزبە کردووە بۆ پێکهێنانى حکومەت.