گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیان لێناکرێت

توێژینەوەیەکی نوێ: چاکبووانى کۆرۆنا  نابنە هۆکارى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە 

2020.05.19 - 11:46
توێژینەوەیەکی نوێ: چاکبووانى کۆرۆنا  نابنە هۆکارى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە 

ناس کورد-

توێژینەوەیەکی پزیشکی نوێ ئاشکرایکرد، ئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن دوای چاکبوونەوەیان نابنە هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریکی، توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی لە وڵاتی کۆریای باشور دەریخستووە "ئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن دوای چاکبوونەوەیان ترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیان لێناکرێت و نابنە هۆکاری گواستنەوەی بۆ کەسانی تر".

 

توێژینەوە پزیشکییەکە کە لەلایەن زانایانی ناوەندی بنبڕکردنی نەخۆشییە گواستراوەکانی وڵاتی کۆریای باشورەوە ئەنجامدراوە تاقیکردنەوەی تەختیان بۆ 285 کەس کردووە پاش چاکبوونەوەیان لە نەخۆشییەکە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، "حاڵەتەکان پاش چاکبوونەوەیان لە پەتاکە بۆ جاری دووەم پشکنین و شیکارییان بۆ کراوە، لە ئاکامدا دەرکەوتووە ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا ماوە، بەڵام  سەرباری ئەوە کەسەکان نەبوونەتە هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر".

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی بلۆمبێرگ، ئەنجامی توێژینەوە کۆرییەکە دڵخۆشکەر و مژدە بەخشە بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت ژیان ئاسایی بکەنەوە و بەشێک لە ڕێکارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەمبکەنەوە.

 

توێژینەوە کۆرییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کەسانەی کە لە پەتاکە چاکدەبنەوە و نەخۆشخانە بەجێدەهێڵن چیدی پێویست بەوە ناکات پشکنینی زیاتریان بۆ بکرێت.

 

ئەوەشخراوەتە ڕوو، هەندێک لەحاڵەتەکان پاش چاکبوونەوەیان لە نەخۆشییەکە دوای 82 ڕۆژ پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە ڤایرۆسەکە لە ناوی جەستەیاندا ماوە، بەڵام نەبوونەتە هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، چونکە پاش وەرگرتنی نمونەی خوێن دەرکەوتووە "تەنی دژبە ڤایرۆسەکە لە خوێنەکەیاندا بوونی هەیە".

 

 ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا نزیکەی پێنج ملیۆن کەسی لە جیهاندا گیرۆدەکردوە و زیاتر لە 300 هەزار کەسیش بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدەستداوە.