گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

رێگە بە لیڤەرپوڵ دەدرێت بەبێ هاندەر جامى خولى ئینگلیزى بەرزبکاتەوە

2020.05.19 - 11:03
رێگە بە لیڤەرپوڵ دەدرێت بەبێ هاندەر جامى خولى ئینگلیزى بەرزبکاتەوە

ناس کورد-

بەرێوەبەرى جێبەجێکارى خولى تۆپی پێی ئینگلیزى ڕایگەیاند، رێگە بە یانەى لیفەرپوڵ دەدرێت جامى خولەکە بەرزبکاتەوە بەبێ هاندەر، لەکاتێکدا هاندەرانى ئەو یانەیە چاوەڕوانى ئەو ساتە مێژووییەن لەساڵى 1990 ەوە تا ئێستا بۆ ئەوەى بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ بگێڕن.

 

لیڤەرپوڵ کە ئێستا لەسەرەوەى ریزبەندى خولەکەدایە بەجیاوازى 25 خاڵ و لەپێش مانچستەر سیتى رکەبەریەوەیە، تەنها پێویستى بە دوو سەرکەوتنى ترە لەیارییەکانى تر، تا جامەکە بەدەستبهێنێت بۆ جارى یەکەم لەدواى ساڵى 1990 ەوە، بەڵام پێدەچێت هاندەرانى یانەکە لەو ساتە مێژوییە بێبەش بن بەهۆى رێوشوێنەکانى کۆرۆناوە.



ریچارد ماسترز بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى خولى تۆپی پێی ئینگلیزى ڕایگەیاند، رێگە بە لیڤەرپوڵ دەدەن جامەکە بەرزبکاتەوە، بەڵام بەبێ ئامادەبوونى هاندەر.

 

وتیشى "ئەگەر جامەکە بەدەستبهێنن، بەڵێ رێگەیان پێدەدەین، بۆ ئاهەنگێڕان و ئاڵوگۆڕکردنى جامەکە لەنێوان یاریزانەکاندا، دەکرێت مەراسیمەکە پێدانى پاداشتیش بە یاریزانان و تیمى هونەرى لەخۆ بگرێت".

 

ریچارد ماسترز جەختیکردەوە، ئەو کارە دەکەن، تەنها لەکاتێکدا نەبێت کە بەهۆى ترسی پێشێلکردنى رێنماییە تەندروستییەکانەوە نەتوانن بیکەن.

 

خولى تۆپی پێی ئینگلیزى لە ناوەڕاستى مانگى ئازارەوە بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە راگیراوە، لە ئێستاشدا یانەکان بە گروپى بچوک بچوک دەستیان بە مەشقەکانیان کردووەتەوە.

 

هێشتا وادەى دەستپێکردنەوەى خولەکە دیارینەکراوە، بەڵام نەخشە رێگایەک پێشکەشى حکومەت کراوە لەو بارەیەوە، تا خولەکان دەستپێبکەنەوە بەبێ ئامادەبوونى هاندەر لە سەرەتاى مانگى داهاتووەوە.