گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باسى موچەى فەرمانبەران دەکات

کازمى لە یەکەم وتارى ڕۆژنامەنوسیدا وەک سەرۆکوەزیران ئاڵنگارییەکانى بەردەمى ئاشکرا دەکات

2020.05.18 - 23:54
کازمى لە یەکەم وتارى ڕۆژنامەنوسیدا وەک سەرۆکوەزیران ئاڵنگارییەکانى بەردەمى ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە یەکەم وتارى ڕۆژنامەنوسیدا لەدواى وەرگرتنى پۆستەکەى دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەى ڕوبەڕووى بووەتە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ڕوبەڕووى بەڵێنى دژبەیەکى کوتلەکان بووەتەوە.

 

کازمى لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەى "زەمان" کە سبەینێ بڵاودەکرێتەوە و بەشێکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "خەزێنەیەکى نیچمە خاڵى بۆ ماوەتەوە بەهۆى گەندەڵییەوە، هەروەها ڕوبەڕووى بەڵێنى دژبەیەکى لایەنەکان بۆ تەواوکردنى حکومەت و کەسانى گوێپێنەدەر بۆ ڕاستکردنەوەى ڕێڕەوەکە بووەتەوە".

 

جەختیشی کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونى بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ گەرەنتیکردنى پاکى و شەفافى لەکاتى ئەنجامدانیدا.

 

کازمى دەڵێت، هیچ فەرمانێکى دەرنەکردووە و دەریشیناکات بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و ئەوەى ئەو کارە بکات دەدرێتە دادگا.

 

باس لەوەشدەکات، هەموو ڕێوشوێنە بە پەلەکان دەگرێتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەى قەیرانى دارایی و گەندەڵى و کۆرۆنا.

 

"دابەزینى مەترسیدارى داهاتى وڵات حکومەتى ناچارکردووە بە سەرجەم ئاڕاستەکاندا کار بکات بۆ دۆزینەوەى سەرچاوەى بەپەلە بۆ پێدانى موچە" کازمى لە وتارەکەیدا وای نوسیوە.

 

کازمی داواشی  کردووە هەمووان هاوکاری بکەن لە چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و قەیرانی کۆرۆنا  و دەڵێت، "لەئێستادا دوچاری ئاڵنگاری زۆر بومەتەوە بۆیە دەبێت هەمووان هاوکارم بن".

 

کازمى لە کاتى سوێندخواردنى کابینەکەى لە پەرلەمانى عێراق بەڵێنیدا کارى لەپێشینەى حکومەتەکەى ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە و بەسزاگەیاندنى دەستدرێژیکارانى سەر خۆپیشاندەران بێت.