گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەبێت ناوەکانیشیان لە تەلەفزیۆن بڵاوبکرێتەوە’’

کازمی فەرمانی کرد بە سەرژمێری و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عێراق

2020.05.18 - 23:02
کازمی فەرمانی کرد بە سەرژمێری و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عێراق

ناس کورد-

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکان و هێزە ئەمنیەکان و قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانیان پێکبهێنێت.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ى ئایار2020، نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند ، "کازمی لیژنەکەی ڕاسپاردوە لیکۆڵینەوە لە ژمارەی مردووان و برینداران و ونبووانی خۆپیشاندانەکان و ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان بکەن".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کازمی بڕیاری داوە جگە لە قەرەبوکردنەوەیان ڕێز لە قوربانییەکان بگیرێت و لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ناوەکانیان بڵاوبکرێتەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو لیژنەیەی کە کازمی بڕیاری دروستکردنی داوە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە، ئەرکی لیژنەکەش ئامادەکردنی ناوی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردووی شارە جیاجیاکانی عێراقە بە شێوەیەکی ورد ودروست ئەوەش بە هاوکاری دامەزراوەکانی دیکە حکومەت وڕێکخراوە نێودەوڵەتییە باوەرپێکراوەکان.

 

دروستکردنى لیژنەکە دواى سەردانەى دوێنێی کازمى دێت بۆ وەزارەتى ناوخۆ کە داوایکرد هەموو تواناکانی وەزارەت بخرێتەگەڕ بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی ڕفێنراو و شوێنبزران.

 

کازمى جەختیکردبووەوە، "لۆژیکی نییە هاووڵاتیان بڕفێنرێن بەبێ ئەوەی وەزارەتێکی گەورەی وەک وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی نەبێت، بۆیە پێویستە بەدواداچوونی ئەو کەیسە بکەن و یەکلایی بکەنەوە."

 

کازمى لە کاتى سوێندخواردنى کابینەکەى لە پەرلەمانى عێراق بەڵێنیدا کارى لەپێشینەى حکومەتەکەى ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە و بەسزاگەیاندنى دەستدرێژیکارانى سەر خۆپیشاندەران بێت.

 

لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونیدا کازمی، فەرمانی کرد بە گرتنی پێنج چەکداری میلیشیای (ثأرالله) کە بە دەستڕێژی گولـلە هێرشیان کردبووە سەر خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکەی هەفتەی ڕابردووی شاری بەسرە و خۆپیشاندەرێکیان کوشتبوو.