گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراقییەکان بە هاشتاگێک هێرش دەکەنە سەر خامنەیی.. ’’سنوری خۆت بزانە’’

2020.05.18 - 22:53
عێراقییەکان بە هاشتاگێک هێرش دەکەنە سەر خامنەیی.. ’’سنوری خۆت بزانە’’

ناس کورد- 

عیراقییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بە هاشتاگی (#الزم_حدودك_خامنائي) واتە سنوری خۆت بزانە خامنەیی تەنیوە وەک وەڵامدانەوەیەک و دژایەتییەک بۆ وتارێکی ڕابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران.

 

پێشتر عەلی خامنەیی، ڕابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران لە وتارێکدیدا وتبووی، "ئەمریکا لە عێراق و سوریا دەردەکرێت".

 

لە بەرانبەردا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق دژایەتی خۆیان بۆ خامنەیی و وتارەکەی دەربڕی و بە هەموو شێوەیەک دەستێوردانی ئێرانیان لە کاروباری عێراق ڕەتکردەوە.

 

هاشتاگە نوێیەکەی عێراقییەکان لە ماوەیەکی کەمدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخێرایی بڵاوبووەوە و بە هەزاران کەس خستیانە ناو نوسینەکانیان.

 

هاوڕێ لەگەڵ هێرشی عێراقییەکان بۆسەر خامنەیی، ئێرانییەکانیش هاوسۆزی خۆیان بۆ عێراقییەکان دەربڕی و لەگەڵ عێراقییەکاندا وێنەی کاریکاتێری خامنەییان ئاڵۆگۆڕکرد کە تێدا دەردەکەوێت خامنەیی "لەسەر شێوازی نازییەکان سڵاو دەکات".

 

بەڵام هەمیشە ڕای جیاواز هەیە، بەشێک لە عێراقییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک پاڵپشتییەک بۆ خامنەیی  بەرەیەکیان دروستکرد و هاشتاگی "خامنەیی لە ئێمەیە خەڵکی عێراق"ـیان بڵاوکردەوە، بەڵام ئەو هاشتاگە ڕەواجی نەبووە و بوو بە جێگای تەنز و گاڵتەجاڕی عێراقییەکان.

 

هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی عێراقییەکان، چەندین دروشم و هوتاف لەدژی دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراق وترانەوە و بووە دروشمی سەرەکی خۆپیشاندەران.