گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش بووەتە بابەتێكی سیاسی’’

کشتوکاڵی هەرێم: بەغدا ناچاری کردووین بە وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەى دیاری کراوە

2020.05.18 - 21:35
کشتوکاڵی هەرێم: بەغدا ناچاری کردووین بە وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەى دیاری کراوە

ناس کورد-

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، زیادكردنى بڕى گەنمى وەرگیراوى جوتیارانى هەرێم لەلایەن بەغداوە لە ئاستی خواستی ئەواندا نییە و بەناچاری پەسندكراوە، ئەو پرسە بووەتە بابەتێكی سیاسی.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئایاری 2020، لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە بەغدا كۆبوونەوەی تایبەت بە گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا بە بەشدارى نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم و بڕیاری دا ڕێژەى وەرگرتنى گەنم لە جوتیارانى هەرێم زیاد بکرێت.

 

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا كە هەرێمی كوردستان بەدەر بكرێت لە پلانی پێشنیازكراوی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم بەشێوازی (خارج خطة).

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، دوای فشارێكی زۆر توانرا تەنها 10% گەنمی وەرگیراوی ساڵی ڕابردوو زیاد بكرێت، واتا بۆ ئەمساڵ بڕی وەرگیراو لە 340 هەزار تۆن بەرز بكرێتەوە بۆ 390 هەزار تۆن گەنم.

 

وەزارەتى کشتوکاڵ جەختیکردوەتەوە "ئەم زیادكردنە لە ئاستی خواستی وەزارەتی كشتوكاڵ نییە و بەناچاری پەسندكراوە، بەداخەوە دەركەوت بابەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش بووەتە بابەتێكی سیاسی و ڕەنج و ماندوو بونیان لەبەرچاو ناگیرێت".

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، سبەی كۆبوونەوەیەكی  تایبەت لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەنجام دەدرێت بۆ ساغكردنەوەی بەشێكی تری گەنمی جوتیاران، دڵنیایش دەداتە جوتیاران کە هەموو هەوڵێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەكانیان خستۆتەگەڕ و بەردەوامی دەبێت.