گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خوێندنى باڵای هەرێم پلانى وەرگرتنى خوێندکارانى لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیاند

2020.05.18 - 21:00
خوێندنى باڵای هەرێم پلانى وەرگرتنى خوێندکارانى لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیاند

ناس کورد-

وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم پلانى وەرگرتنى خوێندکارانى لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵى نوێی خوێندن تاوتوێکرد و پێشبینی دەکات زیاتر لە 90 هەزار دەرچوو داواکارى پێشکەش بکەن.

 

ئەو پلانە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنی وەزارەتەکەدا تاوتوێکرا کە بە سەرپەرشتى  وەزیرى خوێندنى باڵا بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتەکە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا پرسی پلانی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (2020-2021) و لێکەوتەکانى و ژمارەی دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و بژاردەو ئەگەرەکانی بەردەم وەزارەت و زانکۆکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، لە ڕاپۆرتێکدا بە داتاو ئامار وردەکارى پلانى وەرگرتن و تواناى زانکۆکانى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) خستەڕو.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بەپێی ئاماژە سەرەتاییەکان پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) زیاتر لە (90) هەزار دەرچوی ئامادەیی داواکاری بۆ زانکۆکانی کوردستان پیشکەش بکەن، کە ئەم ژمارەیەش لە سەروی توانای وەرگرتنی زانکۆکانە.

 

باس لەوەشکراوە، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری دا بە مەبەستی بەرچاوڕونی ڕاپۆرتێکی ورد و زانستی دەربارەی کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەت ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە بەبێ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان ئەستەمە بتوانین  ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم جێگا بکەینەوە. 

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەت لە ژێر ڕۆشنای دوا ئامار و تەشەنەکردنی پەتای کۆڤید -١٩ تاوتوێى پرسی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)ی کردو لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا سەرجەم زانکۆ (حکومی و تایبەتەکان) بەپێی تایبەتمەندیان ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بە مەرجێک لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا تاقیکردنەوەکان تەواو بکرێت.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پرسی پێشکەشکارانی  خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بە وردی تاوتوێ کراو بە لەبەرچاوگرتنی توانای زانکۆکان و پاراستنی کواڵیتی پرۆسەی خوێندن، ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەندکرد:

 

  1. پڕکردنەوەی سەرجەم کورسیە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا.
  2. چارەسەرکردنی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچون و بەهۆی کەمی یان نەبونی کورسییەوە وەرنەگیرابون.
  3. لە چوارچێوەی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی سەرکەوتو نەبون، بڕیاردرا بە پڕکردنەوەی هەمو کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ڕێگای میکانیزمی زانستی گونجاو و ڕەچاوکردنی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ پیشکەشکاران.

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا جەختیکردووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی پێویست لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەردەکرێن و دەسەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنی. ئەو بڕیارانە لە دوای تەواوکردنی پرۆسەی پەڵپ و سکاڵاکان و پەسەندکردن و ڕاگەیاندنی  ئەنجامی کۆتایی وەرگیراوان، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.