گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی هەرێم لەبارەى ناردنی پارەى موچەى مانگی ڕابردوو ڕونکردنەوەی دا

2020.05.18 - 20:54
حکومەتی هەرێم لەبارەى ناردنی پارەى موچەى مانگی ڕابردوو ڕونکردنەوەی دا

ناس کورد-

حکومەتى هەرێم لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕەتی دەکاتەوە تا ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ موچه‌ی مانگی ڕابردووی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ نێردرا بێت.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئایاری 2020، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتى هەرێم دەڵێت، له‌ هه‌ندێ له‌ په‌یجه‌كان، هه‌واڵێكی بێ بنه‌ما و دوور له‌ ڕاستی ده‌رباره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بڵاوكراوه‌ته‌ كه‌ گوایه‌ پاره‌كه‌ی له‌ مانگی دوو گه‌یشتووه‌ و ئه‌مڕۆ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی كراوه‌.

 

فەرمانگەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەو "هه‌واڵه‌ به‌مەبەستی چه‌واشه‌كاری و به‌ لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی بڵاوكراوه‌ته‌وە. بانكی ناوه‌ندیی عێراق - لقی هه‌ولێر سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵه‌ و ته‌نیا تایبه‌ت نییه به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، به‌ڵكو ڕۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ی بانكی و نه‌ختینه‌یی له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی هه‌رێم و بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ خه‌ڵكیش به‌ قه‌رز وه‌رگیراوه‌، به‌ زۆری له‌ رێگه‌ی ئه‌و بانكانه‌یه‌."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندیی عێراق هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتیی ته‌مویلكردنی پاره‌ی بانكی ناوه‌ندیی عێراق – لقی موسڵیش ده‌كات.


دەشڵێت، "لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندیی عێراق له‌ رۆژی ٣ی ئایاری ٢٠٢٠ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا چوارچێوه‌ی كار و ئه‌ركی خۆی بۆ رای گشتی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌."

 

"تا ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ مووچه‌ی مانگی رابردووی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ نه‌نێردراوه‌. لەم كاتە ھەستیارەدا، دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران لە ئەولەوییەتی كارەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دایە، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، هه‌ندێ سایت و په‌یجی ناحه‌ز و دڵره‌ش به‌مه‌به‌ستی به‌لاڕێدابردنی راستییه‌كان و بۆ به‌رژەوه‌ندیی ته‌سكی كه‌سانێك ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌،" فەرمانگەکە ڕایگەیاند.

 

لە کۆتاییدا باس لەوەش دەکات کە "خه‌ڵكی هه‌رێم كوردستان زۆر له‌وه‌ وشیارتره‌ كه‌ كه‌سان و لایه‌نێك بتوانن به‌ موزایده كرد‌ن‌ به‌ قووتی خه‌ڵكه‌وه،‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجی سیاسیی خۆیان به‌كاریان بێنن."