گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتى مەرجى خۆى بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى ڕادەگەیەنێت

2020.05.18 - 20:24
یەکێتى مەرجى خۆى بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى ڕادەگەیەنێت

ناس کورد-هەڤاڵ فەتاح 

سەرکردایەتییەکی یەکێتی ڕایگەیاند، هەرکات پارتی زەمینەسازییەکی باشی کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیاندا ئەوە پێشوازی لێدەکەن، دەشڵێت، مەرجی ئەوان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتیدا باشترکردنی بژێوی و گوزەرانی خەڵکە.

 

دووجار لەسەریەک، کۆبوونەوەى نێوان پارتی ویەکێتی لەبارەى گرژی و کێشەکانیان نێوانیان دواخرا کە دیاترینیان بابەتی کۆکردنەوەی هێزی هەردوولابوو لە زینی وەرتێ، بڕیار بوو 9ى ئەم مانگە هەردولا لە هەولێر کۆببنەوە بەڵام دواخرا.  

 

پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکرادیەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "یەکێتی کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوەدا ناکات لەگەڵ پارتی، دەبێت پارتی زەمینەسازی بکات بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە، بەڵام تائێستا هیچ زەمینەسازییەکی نەکردووە".

 

تا ئێستا هیچ وادەیەکى نوێ بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى دیارینەکراوە، بەڵام فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشبینی دەکات دوای جەژن کۆببنەوە کە ئەگەر ئەنجام بدرێت دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەى ئەو دوو لایەنە لەدواى کۆنگرەى یەکێتییەوە کە کۆتایی ساڵى ڕابردوو بەڕێوەچوو.  

 

تاڵەبانی وتی، "بە بڕوای ئێمە پارتی جدی نییە لە ئەنجامدانی گفتۆگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، تائێستاش میدیاکانی سێبەری سەر بە پارتی لە هەموو کات و ساتێکدا هێرش دەکەنە سەر یەکێتی".

 

 دەرباری مەرجەکانی یەکێتی بۆ کۆبوونەوە، سەرکردایەتییەکەی یەکێتی وتیشی، " ئێمە مەرجی تایبەتمان نییە، بەڵکو مەرجەکانی ئێمە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی گشتین، ئەوەش باشترکردنی گوزەران و بژێوەی خەڵکی کوردستانە".

 

 تاڵەبانی ئەوەشی ڕوونکردەوە، "هەرکات یەکێتی دڵنیابێت لەوەی کە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پارتیدا ئەنجامەکانی بەرهەمدار و ئەرێنی دەبن ئەوا بە پێخوشحاڵیەوە پێشوازی لێدەکەن".

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بەرپرسانى پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی داوای ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان هەر دوولایانکرد وپێیانوایە نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکان دەتوانێت چارەسەری گرژییەکانی ئێستا بکات.

 

لە دواین هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی دۆخی نێوان پارتی ویەکێتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکدا بۆ سلێمانی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا کۆبووەوە، هەردووکیان پێداگربوون لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و چارەسەری هەموو کێشەکان لە بەرژەوەندی گشتیدا .