گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نرخى نەوت زیاتر هەڵکشا.. نهێنییەکەى چییە؟

2020.05.18 - 18:55
نرخى نەوت زیاتر هەڵکشا.. نهێنییەکەى چییە؟

ناس کورد-

نرخى نەوت ئەمڕۆ بە ڕێژەیەکى بەرچاو بەرزبووەوە، بەهۆى کەمبوونەوەى ئاستى بەرهەمهێنان و زیادبوونى خواست لەسەرى کە هاوکاتە لەگەڵ سوککردنى ڕێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا.

 

نرخى بەرمیلێک نەوتى برێنت کە پێوەرێکى جیهانییە و نەوتی عێراقیش لەو جۆرەیە گەیشتە 35.48 دۆلار ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 11ی ئازاری ڕابردووەوە، هەروەها نرخى بەرمیلێک نەوتى خاوى ئەمریکا بە 33.07 دۆلار دەفرۆشرێت.

 

بەرزبوونەوەى نرخى نەوت هاوکاتە لەگەڵ متمانەى وەبەرهێنەران لەبارەى ئەوەى کەمبوونەوەى بەرهەمهێنان و سوککردنى ڕێوشوێنەکان ببێتە هۆى گەڕانەوەى هاوسەنگى لەسەر خواست و خستنەڕوو لە بازڕرى نەوت و گەڕانەوەى بۆ دۆخى سروشتى.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکى پێگەى ئنيرجي ئنتليجنس، ئۆپیک و هاوپەیمانەکانى ڕەنگە ڕێککەوتنى کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان بەدرێژایی ئەمساڵ و تەنانەت تا بەهارى داهاتوو درێژبکەنەوە.

 

سعودیە و ڕوسیا و وڵاتانى دیکەى ئۆپیک و دەرەوەى ڕێکخراوەکە دەستیان بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان کردووە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەى رێککەوتنیان لەسەر کردووە کە 9.7 ملیۆن بەرمیلى رۆژانەیە لەم مانگە و مانگى داهاتوودا.

 

ئەو کەمکردنەوەیە بەشێوەی قۆناغبەندى دەبێت لەنیوەى دووەمى ئەمساڵدا تا نیسانى 2022.