گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چین پشتیوانى خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ڕاگەیاند

2020.05.18 - 18:18
چین پشتیوانى خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ڕاگەیاند

ناس کورد-

سەرۆکى چین ڕایگەیاند، وڵاتەکەى لەگەڵ ڕێوشوێنى پێداچونەوەى تەواوەتییە بۆ وەڵامدانەوەى جیهان لەبارەى پەتاى کۆرۆنا بە سەرۆکایەتى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى، دواى ئەوەى پەتاکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

 

شی جین پینگ، سەرۆکى چین ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئایاری 2020، لە وتەیەکدا بۆ تەندروستى جیهانى ڕایگەیاند، چین کراوەیە و پابەندە بە شەفافیەتەوە لەبارەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە کە بۆ یەکەمجار لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا دەرکەوت، پشتیوانى لێکۆڵینەوەیەک دەکەن کە بە بابەتى و پاکى ئەنجام بدرێت.

 

سەرۆکى چین بەڵێنیدا دوو مليار دۆلار لەماوەى دوو ساڵدا پێشکەش بکات بۆ یارمەتیدانى جیهان لەبەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنادا.

 

وتیشى، "هەر ڤاکسینێک کە لەلایەن چینەوە بەرهەمبهێرێت سودى بۆ هەمووان دەبێت".

 

وتەکانى سەرۆکى چین لەکاتێکدایە، بەرپرسانى ئەمریکا ئەو وڵاتە تۆمەتباردەکەن بە شاردنەوەى زانیارییەکان لەبارەى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆناوە، گومانى خۆشیان نیشان دەدەن لەوەى ڤایرۆسەکە رەنگە لەلایەن ئەو وڵاتەوە دروستکرابێت، یاخود دزەى پێکرابێت بۆ جیهان.

 

دەسەڵاتدارانى چین سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن، دروستکردنى ئەو ڤایرۆسە لە تواناى تاقیگەیی ئەوان زیاترە و جەختدەکەنەوە کە زانیارییەکانیان لەو بارەیەوە نەشاردووەتەوە و جیهانیان لێ ئاگادارکردووەتەوە.

 

ڤایرۆسى کۆرۆنا یەکەمجار لە شارى وهانى چین لە کۆتایی ساڵى ڕابردوودا سەریهەڵدا و دواتر لەمساڵدا بەشێوەیەکى خێرا بەجیهاندا بڵاوبووەوە و تا ئێستاش هیچ چارەسەرێکى بۆ نەدزراوەتەوە.