گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێكی كورد: ڕوسیا بەرپرسە لە بنبەستگەیشتنی گفتوگۆكانمان لەگەڵ سوریا

2019.04.12 - 15:37
بەرپرسێكی كورد: ڕوسیا بەرپرسە لە بنبەستگەیشتنی گفتوگۆكانمان لەگەڵ سوریا

ناس كورد-


بەوتەی بەرپرسێكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، رێگری و بەربەست بۆ ئەو هەوڵانە دروست دەكرێت كە كار بۆ پێكهێنانی ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا و حكومەتی دیمەشق دەكات.

لەدوای بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا، هێزە كوردییەكان لەهەوڵی ئەوەدا بوون كە رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق ئەنجام بدەن و چاویان لەوە بوو مۆسكۆ رۆڵی هەبێت لە بەدیهێنانی ئەو رێككەوتنە و دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی ناوچەكانی خۆیان بۆ مسۆگەر بكات.

بەدران چیا كورد، وەكو بەرپرسێكی كورد كە بەشدارە لە ڕێڕەوی سیاسی ئەو وڵاتە، ئاماژە بەوە دەكات گفتوگۆكان هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە و روسیا دەستپێشخەرییەكانی لەبار بردووە.

وتیشی "تا ئێستاش ڕوسیا بانگەشەی ئەوە دەكات كە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی رێككەوتنەكە دەدات بەڵام لەراستیدا وا نییە و هیچ هەوڵێكی لەو چەشنەی نییە".
بەپێچەوانەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكە كە دژایەتی رژێمەكەی ئەسەدیان دەكرد، هێزە كوردییەكان هیچ دژایەتییەكی ئەو رژێمەیان نەكرد و هەمیشە جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی خۆیان بكەن.
بەڵام دیمەشق ڕێگری لەو دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمیە دەكات كە هێزە كوردییەكان هەوڵی بۆ دەدەن، لەو بارەیەوە وەزیری بەرگری سوریا لە مانگی پێشوتردا رایگەیاند"دەوڵەت بە هێز ئەو ناوچانە وەردەگرێتەوە كە كوردەكان لەسەری جێگیر بوون ئەگەر ملكەچی فەرمانەكانی دەوڵەت نەبن".
چیا كورد دەڵێت"ڕوسیا لەبری رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق، بەرژەوەندییەكانی خۆی پێشخست لەگەڵ توركیا".

ئاماژەی بەوەش كرد، لەبابەتی دواكەوتن و بە بنبەستگەیشتنی گفتوگۆكانی كورد و رژێمی سوریا، ڕوسیا بەرپرسیارێتیەكەی مێژویی لەئەستۆ دەگرێت.