گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەكین بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر شاندێك ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەكات

پۆلیسی ئیسرائیل هۆكاری مردنەكەی باڵیۆزی چینی ئاشكرا كرد

2020.05.18 - 11:31
پۆلیسی ئیسرائیل هۆكاری مردنەكەی باڵیۆزی چینی ئاشكرا كرد

ناس کورد- 

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە، پەكین بەڕونكردنەوەكەی ئیسرائیل لەبارەی چۆنیەتى گیانلەدەستدانى باڵیۆزی وڵاتەكەى ڕازی نەبووە و بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر شاندێك ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەكات.

 

ڕۆژنامەی هارتس-ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، بۆ ڕونكردنەوەی زیاتری ڕوداوی گیانلەدەستدانی باڵیۆزەكەی لەئیسرائیل، پەكین شاندێك بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر ڕەوانەی ئیسرائیل دەكات.

 

بەگوێرەى هەواڵى ڕۆژنامەكە، پەكین بە ڕونكردنەوەی پزیشكانی ئیسرائیل كە هۆكاری گیانلەدەستدانى دوو ویی تەمەن 58 ساڵەیان بۆ جەڵتەی دڵ گەڕاندەوە كە دوێنێ (یەكشەممە) گیانى لەدەستدا،  ڕازی نەبووە و دەیەوێت خۆی لەنزیكەوە چاودێری پشکنینەکان لەو بارەیەوە بكات.

 

رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە "لەسەرەتاى ڕوداوەكەدا پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی كردووەتەوە و ئەوەی بۆ ڕونبووەتەوە كە هیچ گومان و مەبەستێك لەمردنەكەیدا نیە".

 

دوو ویی مانگی شوبات واتا 3 مانگ پێش ئێستا وەكو دیپلۆماتكاری وڵاتەكەی لەئیسرائیل دەستنیشانكرا و خۆی بەتەنها لەماڵێک لەباكوری تەلئەبیب دەژیا و هاوسەر و مناڵەكەی لەچین بوون.

 

بەپێی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئاحرۆنۆت، لەكاتی دەستبەكاربوونی دوو ویی دا داوای لێكراوە بۆ 14 ڕۆژ خۆی كەرەنتینە بكات، ئەوەش لەترسی توشبوونی بە کۆرۆنا.

 

بەپێی میدیاكانی ئیسرائیل بڕیارە شاندەکەى چین ئەمڕۆ بگەنە ئیسرائیل بە مەبەستى لێکۆڵینەوە لە رووداوى گیانلەدەستدانى باڵیۆزەکەى چین و لەگەڵ لێكۆڵینەوە لەوردەكاری گیانلەدەستدانى باڵیۆزەكەیان، شاندەكە ڕێوڕەسمی گەڕاندنەوەی تەرمەكەشی بۆ پەكین ڕێكدەخەن.

 

ڕاگەیاندنی سەرەتای ئیسرائیل لەسەر ڕوداوی گیانلەدەستدانى باڵیۆزەکەى چین، بێ وروژاندنی گومان و ئاماژەكردن بۆ پیلانگێڕی لەسەر ڕوداوەكە تێنەپەڕی بەتایبەت مردنی باڵیۆزی چین لەدوای چەند ڕۆژێك بەسەر سەردانەكەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا هات بۆ ئەو وڵاتە.

 

بەرپرسانی ئەمریكا داوا دەكەن سنورێك بۆ ئەو وەبەرهێنانە زەبەلاحانەی چین لەپڕۆژەكانی ئیسرائیلدا دابنرێت وەك ئەو وەبەرهێنانەی لەبەندەری حەیفادا دەیكات كە ئەمریكا بۆ مەبەستی كاری دەریاوانی بەكاری دەهێنێت.