گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆشکى سپى هۆکارى دواکەوتنى ئەمریکاى لەبەرگرتن بە کۆرۆنا رونکردەوە

2020.05.18 - 10:09
کۆشکى سپى هۆکارى دواکەوتنى ئەمریکاى لەبەرگرتن بە کۆرۆنا رونکردەوە

ناس کورد- 

ڕاوێژکارێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بەتوندی ڕەخنە لە ناوەندی خۆپارێزی و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكانی ئەمریكا دەگرێت و سەرزەنشتیان دەكات و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە "شكستیان هێناوە لە پشكنینەكانی ڤایرۆسەكەدا و بەو هۆیەشەوە ئەمریكا لەپرۆسەكە دواكەوتووە".

 

پیتەر ناڤارۆ، ڕاوێژكاری ئابوری كۆشكی سپی بە كەناڵی NBC ڕاگەیاند، لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاكەوە، ناوەندی خۆپارێزی و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكان كە ڕێزێكی زۆری لەجیهاندا هەیە سەركەوتوو نەبووە لە بەڕێكردنی پشكنینەكاندا.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، بەڕێوەچوونی پشكنینەكانی ناوەندەکە لەچوارچێوەی كاری كارگێڕیدا هێشتەوە، بەڵام نەك تەنها ئەوەندەش، بەڵكو جۆرێكی خراپی پشكنینی بەرهەمهێنا ئەوەش بووە هۆی دواخستنیان.



تەنها پشكنینێك كە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە مۆڵەتی پێدرابوو و لە جیهانیشدا بەكاردەهات ئەو پشكنینە بوو كە ئەو ناوەندە لەسەرەتای پەتاكەوە پەڕەیپێدابوو، بەڵام بەهۆی كێشە لەجۆری دۆزەرە كێمیاییەكان كە لەسەرەتاوە دابەشكرا ئاكامێكی ئەوتۆی  نەدا بەدەستەوە.



تاقیگە تایبەتی و گشتییەكانی ئەمریكا تا 29ی شوبات دەسەڵاتی لێدوانیان لەبارەی بەرەوپێشچوونی پشكنینە تایبەتەكانەوە نەبووە، تا دوای ئەو ڕێكکەوتە و مردنی كەسێك لەئەمریكا بەهۆی ڤایرۆسەكەوە كە لەئێستادا ژمارەی مردووان بەو هۆیەوە گەیشتووەتە نزیكەی 90 هەزار حاڵەت.

 

بەگوێرەى دەزگای وۆرڵد میتەر بۆ ئامار، دواتر ئەمریكا ناچار بوو پشكنین بۆ 12 ملیۆن هاووڵاتی ئەنجام بدات، بەڵام ئەو ژمارەیەش ناكاتە ڕێژەی 4%ی دانیشتوانی ویلایەتەكانی ئەمریكا كە لەڕیزبەندی 39هەمین وڵاتدایە بۆ ئەنجامدانی پشكنین لەدوای ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ڕوسیاوە.

 

ڕەخنەگرانی ترەمپیش ترسیان لەوە هەیە، توانای پێویست لەبەردەستدا نەبێت بۆ پشكنین بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە شەپۆلی دووەمی توشبوون لەكاتێكدا ئەمریكا هەوڵی لابردنی چەند ڕێوشوێنێكی بەرەنگاریكردنی ڤایرۆسەكە دەدات.