گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرچاوەى توشبووە نوێیەکان نادیارە

تەندروستى هۆکارى دەرکردنى دوو راگەیەنراوى جیاواز لەکەمتر لە کاتژمێرێکدا ئاشکرادەکات

2020.05.17 - 23:17
تەندروستى هۆکارى دەرکردنى دوو راگەیەنراوى جیاواز لەکەمتر لە کاتژمێرێکدا ئاشکرادەکات

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەماوەى کەمتر لە کاتژمێرێکدا دوو راگەیەنراوى جیاى بڵاوکردەوە، لەیەکەمیاندا ڕایگەیاند کە هیچ توشبوویەک تۆمارنەکراوە و لەوەى دووەمیشیاندا تۆمارکردنى نۆ حاڵەتى ڕاگەیاند.

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوى یەکەمیدا ئەنجامى زیاتر لە هەزار پشکنینى لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان لەماوەى 24 کاتژمێردا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سەرجەمیان نێگەتیف بوون، بەڵام دواى ماوەیەکى کەم لە ڕاگەیەنراوێکى دیکەدا تۆمارکردنى نۆ توشبووى لەپارێزگاى سلێمانى ڕاگەیاند.

 

محەمەد قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، بەگشتى شەوانە لەکاتژمێر نۆ بۆ نۆو نیو راگەیەنراوى گشتى وەزارەت دەردەکرێت لەسەر پشکنینەکانى 24 کاتژمێرى ڕابردوو، تا ئەوکاتەى ئەوەى ئەمشەو ڕاگەیەنرا سەرجەم پشکنینەکان نێگەتیف بوون.

 

وتیشى "دواى ماوەیەکى کەم لە بڵاوکردنەوەى راگەیەنراوەکە، لەلایەن تەندروستى سلێمانییەوە لە ئەنجامى ژمارەیەک پشکنینى دیکە ئاگادارکراینەوە کە نۆیان پۆزەتیڤ بوون، بەڵام سەرجەمیان دواى ڕاگەیەنراوەکە گەیشتووەتە دەست وەزارەت".

 

محەمەد قادر ئەو حاڵەتە بە سروشتى ناودەبات، بەو پێیەى بەوتەى ئەو هەندێکجار بە چەند قۆناغێک ئەنجامى پشکنینەکان دەردەچێت، هەندێ جاری دیکەش پارێزگاکان لەکاتى جیاجیادا ئەنجامەکان دەنێرن.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوى دووەمى وەزارەت، توشبووە نوێیەکان پێنج پیاو و دوو ئافرەت و کچ و کوڕێکی گەنجن، یەکێکیان لە گەشتی دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و شەش لەوان بەرکەوتووی توشبووانی ڕۆژانی پێشوون و دوو توشبووی دیکەی نوێ نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان هەیە. هەشت توشبوو دانیشتووی شاری سلێمانین و توشبووەکەی تر دانیشتووی ناحیەی بازیانە.

 

بەوتەى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى، تۆمارکردنى ئەو حاڵەتە نوێیانە دەریدەخات کە مەترسی کۆرۆنا وەکو یەکەم رۆژ بەردەوامە، بەڵام هیچ پێشنیازێکى نوێیان نییە بۆ ڕاگەیاندنى رێوشوێنى نوێ، جگە لە رێوشوێنەکانى تایبەت بە جەژن.

 

"گریمانى توندکردنى رێوشوێنەکان یان سوککردنى زیاترى هەیە، بەڵام هێشتا هیچ پێشنیازێکى تایبەت نییە لەو بارەیەوە".

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لە رۆژى 13ى ئەم مانگەوە تا ئێستا 22 توشبووى نوێ لە سنورى پارێزگاى سلێمانى تۆماکراوە، بەوەش کۆى گشتى توشبووان لەهەرێم گەیشتووەتە 413 حاڵەت، کە پێنج کەسیان مردوون و 383 کەسیان چاکبوونەتەوە.

 

محەمەد قادر دەڵێت، توشبووە نوێیەکان جگە لە دوو حاڵەتیان، هیچ نیشانەیەکیان لەسەر دەرنەکەوتووە، تەنها ئەوەیە کە دەرکەوتووە ڤایرۆسەکە لە خوێنیاندایە، هیچیان نەبراونەتە ژورى چاودێرى چڕەوە.

 

ئەوەشى خستەڕوو، کە هێشتا سەرچاوەى توشبوونى توشبووە نوێیەکان بەتایبەت ئەو توشبووەى 13ى ئەم مانگە لەسلێمانى تۆمارکرا نازانرێت، سەرەڕاى بەدواداچوونەکانیان لەو بارەیەوە.

 

"ئەوە وامانلێدەکات کە بڵێین مەترسییەکە زیاترە، چونکە ڤایرۆسەکە لەناو کۆمەڵگەدایە و قەدەغەى هاتووچۆش نەماوە و خەڵک تێکەڵى یەکتر دەبن"، محەمەد قادر وایوت.