گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

وادەى کۆتایی هاتنى وەرزى ئەمساڵى خولەکانى تۆپی پێی ئەوروپا دیاریکرا

2020.05.17 - 22:01
وادەى کۆتایی هاتنى وەرزى ئەمساڵى خولەکانى تۆپی پێی ئەوروپا دیاریکرا

ناس کورد-

سەرۆکى یەکێتى تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ڕایگەیاند، پلانیان داناوە بۆ کۆتایی هاتنى وەرزى ئەمساڵى 2019-2020 لە مانگى ئابى داهاتوودا، لەناویاندا خولى یانە پاڵەوانەکان و خولى ئەوروپا.

 

زۆربەى خولەکانى یەکێتى ئەوروپا لەمانگى ئاداردا ڕاگیران، بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە، بەڵام پلان دانراوە بۆ ئەوەى بەشێک لەیارییەکانى خولەکان لەچەند هەفتەى داهاتوودا بەڕێوەبچن.

 

ئەلێکسەندەر چیفرین، سەرۆکى یەکێتى تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ئەمڕۆ (یەکشەممە) ڕایگەیاند "بیرۆکەیەکمان هەیە لەو بارەیەوە، بەڵام پێویستە چاوەڕێ بکەین تا دڵنیادەبینەوە لەکاتى یارییەکان لەلایەن لیژنەى جێبەجێکارى یوفاوە، دەتوانم بڵێم وەرزى ئەوروپا لەمانگى ئابدا کۆتایی دێت، ئەگەر هەموو شتێک وەکو ئێستا بمێنێتەوە".

 

هەریەکە لەفەڕەنسا و هۆڵەندا خولەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام خولى ئەڵمانیا رۆژى شەممە دەستیپێکردەوە، چیفرین پێشبینیدەکات لانى کەم پاڵەوانێتییەکان بەڕێژەى 80% تەواو بکرێن.

 

رونیشیکردەوە "پێموایە زۆربەى پاڵەوانێتییەکان ئەم وەرزە تەواو دەکەن، ئەوانەشى کە تەواوى ناکەن خۆیان خاوەن بڕیارن، بەڵام پێویستە بچنە پاڵاوتنەکانەوە ئەگەر بیانەوێت بەشدارى لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان بکەن".

 

قسەکانى سەرۆکى یەکێتى تۆپی پێی ئەوروپا لەکاتێکدایە، هێشتا یارییەکانى خولى 16ى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا و خولى ئەوروپا کۆتایی نەهاتووە.