گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’كاندیدەكەشمان متمانەی پەرلەمانی بەدەستنەهێنێت نابینە بەربەست’

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: هیچ گرفتێك بۆ پڕكردنەوەی كابینە وەزارییەكەى كازمى دروست ناكەین

2020.05.17 - 21:27
پەرلەمانتارێكی یەكێتی: هیچ گرفتێك بۆ پڕكردنەوەی كابینە وەزارییەكەى كازمى دروست ناكەین

ناس کورد- 

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەبەغدا ڕایگەیاند، وەكو حزبەكەیان نابنە بەربەست بۆ پڕكردنەوەی كابینە وەزارییە بەتاڵەكانی حكومەتەكەی كازمی و ئامادەن كاندیدەكەیان بگۆڕن یاخود لەئەگەری دەنگنەهێنانیشی لەلایەن پەرلەمانەوە هیچ بەربەستێك دروست ناكەن.

دەشڵێت، پێویستە ئەوانیش وەكو لایەنەكانی تر پابەندی ئەو مەرجە بن كە وەزیری پێشوو دانەنرێتەوە.

 

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی بەغدا تایبەت بەناس كوردی ڕاگەیاند، مستەفا كازمی تەنها یەك هەفتەی لەبەردەمدا ماوە بۆ پڕكردنەوەی كابینە وەزارییەكەی و پێشكەشكردنی كاندیدەكانی بەپەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت.

 

وتیشی، تا ئێستا دوو كاندیدەكانی كورد بۆ دوو پۆستی وەزاری حكومەتی عێراق كە لەسەر پشكی كورد ماونەتەوە یەكلا نەكراوەتەوە بەڵام ئەوە گرنگە ناوی كاندیدەكان نەبێتە گرفتێك بەڵكو كێشە سەرەكییەكان كە لەنێوان هەرێم و فیدراڵدا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە بكرێنە بنەمای كار لەوانە دابینكردنی موچە و شایستە داراییەكان و كێشەی ناوچە دابڕاوەكان.

 

میرزا رونیکردەوە، یەكێتی بەهۆی ڕەتكردنەوەی كاندیدەكەیەوە نابێتە بەربەست بۆ پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی كابینە وەزارییەكەی كازمی و ئەوەی بەلاوە گرنگ نابێت تەنانەت گەر كاندیدەكەشی ڕەتبكرێتەوە ئەوا كەسی تر پێشكەش دەكات.

 

بە وتەى ئەو پەرلەمانتارە، خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەیەتی و كەسێكی شیاو لێهاتووە بۆ ئەو  پۆستە بەڵام گەر گرفتەكە هاتە سەر كاندید ئەوا نابنە بەربەست و ئەو گرفتە چارەسەر دەكەن.

 

لەبارەی سوربوونی پارتی بۆ دانانەوەی فوئاد حوسێن بۆ كابینەیەكی وەزاری، شیروان میرزا وتی "ئاگای لەوە نییە پارتی دەیگۆڕێت یاخود نایگۆڕێت بەڵام یەك پێوەر لەم كابینەیەدا دانراوە ئەویش ئەوەیە، هیچ وەزیرێكی پیشتر دانەنراوە لەو 15 وەزیرەی كە متمانەیان وەرگرتووە هەقە ئەوانیش بەو شێوەیە بكەن مادام لایەنەكانی تری بەشداری حكومەت ئەو پێوەرەیان كردووەتە مەرج".

 

دوای مانەوەی پۆستەكانی وەزارەتی دەرەوە و داد بەبەتاڵی كە پشكی  هێزە کوردییەکانن، پارتی فوئاد حوسێن و یەكێتیش خالید شوانی پێشكەش كردووە، بەڵام زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکانى شیعە داواى گۆڕینیان دەکەن.