گه‌ڕان

Shadow Shadow

زیادەڕۆیی لە هەرێمی زیادەڕۆیاندا

2020.05.17 - 20:44

ئالان م. نوری

چەند هەفتەیەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی گەڕانیدا بەدوای قەرزی کۆندا، یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019ی دۆزیوەتەوە، کە ساڵێک بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیوە و خودی یاساکەش لە ئەنجامی کارنەکردن بە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 دەرچووە. هەردوو یاساکەی 2018 و 2019 مەبەست لێیان کۆنترۆڵ کردنی زیادەڕۆیی لەسەر زەویوزاری موڵکی گشتییە لە سنووری شارەوانییەکاندا. 

پێدەچێت، ئەم گوژمەی ئێستە حکومەتی هەرێم دەیدات بۆ جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2019 ەیان، بنەماکەی خواستی زیادکردنی داهات بێت بۆ خەزێنە بەتاڵەکەی هەرێم، نەک دڵ سووتان بە زەویوزاری موڵکی گشتی.

 

یاساکەی 2018 چیی لێ بەسەر هات؟

 

پێش یاساکەی ساڵی 2019، یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2018 داڕێژرا. تێیدا بە یەک چاو تەماشای هەموو جۆرە زیادەرۆییەک کراو هەمووی بە نایاسایی لەقەڵەم درا وهیچ جۆرە "ماف"ێک بۆ زیادەڕۆیان دابین نەکرا. ئیتر ئاشکرا دیار بوو، کە یاسایەکی لەو جۆرە، کە بەو شێوەیە داڕێژرابێت، ئاکامەکەی ئەوە دەبێت کە بستێک لە دەرەوەی پەرلەمان بڕ ناکات. بۆچی؟

 

چونکە لە وڵاتێکدا کە دۆخی ئاسایی جموجووڵی بازرگانی بریتی بێت لە پابەند بوون بە یاسا، و سەرپێچی لە یاسا و زیادەڕۆیی شتێکی دەگمەن بن، دەرکردنی یاسایەکی بە شێوەیەی یاسای ساڵی 2018، هیچ کێشەیەکی نابێت و زۆر بە ئاسانی جێبەجێ دەکریت. بەڵام لە هەرێمێکی وەکو کوردستاندا کە زیادەڕۆیی بنەمای جموجووڵی ئابوورییە و لەسەروو هەمووەوە ئەوانەی کە بەرپرسن لە سەروەریی یاسا، خۆیان پێش هەموو کەس پیادەی دەکەن، لە وڵاتێکی لەو جۆرەدا کە زێدەرۆیی کار و پیشەی زۆربەی کۆمەڵگایە (هەریەک بە رادەی دەسترۆیشتوویی و ناسین و نەناسینی شەق وەشێنان)، لە حاڵەتی وەهادا مەرگی ناوەختی یاسای لەو جۆرە وەکو قەدەرێکی ئیلاهیی لێدێت و لە پاش مەرگیش هەر رەحمەت بۆ ناردنی گونجاوە!

 

یاساکەی ساڵی 2019 چی دەڵێت؟

 

یاساکەی ساڵی 2019 تەنها ئەو پارچە زەوییانە دەگرێتەوە کە لەناو ماستەرپلانی شارەکانن. لە ماستەرپلانیشدا بۆ مەبەستی جێنیشین بوون تەرخان کرابوون و ئەو کەسەی زیادەرۆیی لەسەر کردووە بە مەبەستی تیاژیان خانووی لەسەر دروست کردووە وخۆی یان واریسی تێیدا دەژین. پاش ئەوەی زیادەڕۆکار پارەیەک دەدات بە حکومەت، ئەوا حکومەت بڕی 200 مەتر لە ناوەندی پارێزگا، 250 مەتر لە ناوەندی قەزا و 300 مەتر لە ناوەندی ناحیەکاندا لەسەر زێدەڕۆکار تاپۆ دەکات. دوا مەرجی سەرەکیش ئەوەیە کە زیادەڕۆییەکە پێش 2018/3/13 رووی دابێت (بۆ ئەو مێژووە؟ چونکە ئەوە ئەو مێژووەیە کە لە یاساکەی 2018 دا دیاری کرابوو، واتە مانگێک دوای دەرچوونی یاساکەی 2018!) و زیادەڕۆکار لە ماوەی چوار مانگ لە دەرچوونی یاساکەی 2019 داوای فەرمیی پێشکەش کردبێت.

 

یاساکە نرخی زەوییەکانی بەم جۆرە دیاری کردووە:

ناوەندی پارێزگاکان (15000 - 30000) دینار بۆ هەر مەترێک

ناوەندی قەزاکان (10000 - 15000) دینار بۆ هەر مەترێک

ناوەندی ناحیەکان (5000 - 8000) دینار بۆ هەر مەترێک.

 

هەروەها شێوازی بەکارهێنانی ئەو پارەیەی کە حکومەت دەستی دەکەوێت بەم شێوەیە دیاری کراوە:

30٪ ی داهاتی ئەو فرۆشتنە بدرێت بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ خەرجیی نەخشە و دیزاینی ئەو باوچانە و 70٪ یش بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم بە مەبەستی سەرف کردنی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەو شوێنانە.

 

ئەمە چی دەگەیەنێت؟

 

لە رووە پۆزەتیڤەکەیەوە، جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، کۆتاییەک بۆ دیاردەی چەندین گەڕەکی هەڕەمەک دادەنێت کە بە ناوی پڕمانای بەلاشئاوا و گوێمەدێ لە هەموو شارەکانی کوردستاندا قوت بوونەتەوە وچەندین ساڵە بەهۆی زیادەڕۆییەکانیانەوە لە زۆر لە ساکارترین خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بێبەشن. 

 

ئەوەی کە زێدەڕۆکار ناچار دەکرێت پارەیەک بدات بە "کڕینی" ئەو زەوییەی زیادەڕۆیی لەسەر کردووە، ئەوەش پۆزەتیڤە و گێڕانەوەی لانی کەمی شکۆی موڵکی گشتییە کە لە دوای راپەڕینی 1991 ەوە تا ئەمڕۆ بە هەزارەها شێوە سووکایەتیی پێ دەکرێت.

 

بەڵام جێبەجێکردنی یاسای 2019 بەبێ هیچ هەوڵێک بۆ سەپاندنی یاسای 2018 بەسەر رێدەڕۆکارانی دیکەدا، بە فەرمی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەکات بە 3 چینی کۆمەڵایەتییەوە:

 

یەکەم: گەورە زیادەڕۆکاران، ئەوانەی، نەک بە یاسا،  بەڵکو لەبەر دەسەڵاتی شەقوەشێنییان، بە هەزارەها مەتر زەویوزاری موڵکی گشتی داگیردەکەن و بازرگانیی پێوە دەکەن و بگرە هەندێکیان تاپۆشییان دەکەن و کەسیش لە ئاستیاندا ناڵێت لەل! گەر لە نموونە دەگەڕێیت، هەر لە چەندین کیلۆمەتر دووجاکەی ناوجەرگەی هەولێرەوە تەماشا بکە کە بە قودرەتی قادیر بوو بە موڵکی حیزبێکی سیاسی، بەبێ ئەوەی فلسێکی قەڵبیان تێدا سەرف کردبێت. بە هەمان شێوە بڕوانە چەندین کیلۆمەتری دیکەی موڵکی حیزبی ئەملاش لە سلێمانی. کەمێک لە دەرەوەی شارەکان بڕوانە دەبینیت کە چەند هەزار دۆنم، نەک مەتر، زەوی کە هیچی نیو سەعات لە ناوجەرگەی شارەوە دوور نین و هەمووی زەویوزاری بەردەڵان یان کشتوکاڵیی موڵکی گشتین و دەیان دەستیان کردووە، بە کڕین و فرۆشتن، تەنانەت بە ئاگاداری و ئیمزای سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو کڕین و فرۆشتنانە کراون.

 

خەڵکی ناو ئەم چینە لە 1991 ەوە بەشیكی تایبەتی کۆمەڵگان کە ئەگەر یاسا بێت بەلایاندا، کلک و گوێی دەکەن!

 

دووەم: زیادەرۆکاری ئەحباب و ئەربابی چینی یەکەم کە وەک ئەوان دەستڕۆیشتوو نین، بەڵام چینی یەکەم پێوێستی بە سۆز و ملکەچییانە. ئەمانە وردە زێدەڕۆکارن و زۆربەی کات بە پەنا زێدەڕۆییەکانی چینی یەکەمەوە و لە سێبەری ئەواندا چەند سەد مەترێک جیا دەکەنەوە و "ئیفرازی" دەکەن و بە خەڵکی هەژاری دەفرۆشن کە لەبەر بێدەرامەتی ناتوانن ببنە کرێچی. لە پاڵ ئەمانیشدا خەڵکی هەژاریش هەن کە فەوزای "ئیفراز" کردنی نایاسایی زەوی و بێباکیی یاساپارێزان هانیان دەدات سەربەخۆ و بێ ناسینی شەقوەشێنەکان، ئەوانیش لەتێک زەوی جیا بکەنەوە.

 

پێدەچێت دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم، لە رێی گفتی تاپۆکردنی زێدەڕۆییەکانیان، بە مەبەستی دەستکەوتنی هەندێک دەرامەت بۆ خەزێنە بەتاڵەکەی هەرێم، ئامادەبێت لە بریی وابەستەییان بە شەقوەشێنەکانی حیزبەوە، بیانکاتە خاوەن موڵکی یاسایی.

 

سێیەم: چینی ئەو هەژارانەی رۆژێک لە رۆژان هەڵپەی داگیرکردنی موڵکی گشتییان نەبووە و رێزی خۆیان و هاووڵاتیانیان زۆر لە ماڵی دونیا لا بەبەهاترە. ئەمانە سەرەڕای ئەوەی هیچ سەرپێچییەکی یاسایان نەکردووە، لەمەودوا ئەم یاسایە پێیان دەڵێت، خەتای خۆتان بوو، زوو دەستان نەوەشاند، لەبەر ئەوە تا خاوەنی ئەو مێشکە بن، نابنە خاوەنی بستێک لەوڵاتەکەتاندا.

 

بێگومان دابینکردنی شوێنی ژیانی شایستە بۆ هەژارانی وڵات کارێکی پڕ رێزە و ئەرکی هەموو دەسەڵاتێکی هاوچەرخە، بەڵام کە دەوڵەتداری بکەوێتە دەستی ئاغا و شەقوەشێن، لەمەی هەیە باشتر روونادات. جێبەجێکردنی ئەم یاسای 2019 ەیەش دوای ساڵێک خەوتن بەسەریدا و بەبێ یاسا گشتگیرەکەی ساڵی 2018، بانگەشەیە بۆ جەمسەرگیریی کۆمەڵگا لە نێوان شەقوەشێن و زێدەڕۆکار لەلایەک و ئەودوای هاووڵاتییان لەلایەکی دیکە. دابین کردنی دارایی بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم بەم جۆرە، کێشە داراییەکان چارەسەر ناکات و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا دەگەڕێنێتەوە سەردەمی پێش دەوڵەتی هاوچەرخ.