گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’لاپەڕەى نوێمان هەڵداوەتەوە’

بەرپرسێکى باڵاى گۆڕان ئاماژە بە ئەگەرى رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتى دەکات

2020.05.17 - 20:18
بەرپرسێکى باڵاى گۆڕان ئاماژە بە ئەگەرى رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتى دەکات

ناس کورد-

ئەندامێکى خانەى ڕاپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، بزوتنەوەکەیان لەگەڵ یەکێتى لاپەڕەیەکى تازەی هەڵداوەتەوە و ئەو حزبەش هەمان نیازى هەیە، چاوەڕوانى ئەوەن هەنگاوەکان بکرێنە کرداریی.

 

لەچەند هەفتەى ڕابردوودا یەکێتى و گۆڕان یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا لەدواى کۆنگرەى یەکێتییەوە و هەردولا رێککەوتن لەسەر کارکردن بۆ پرسی لامەرکەزیەت.

 

دەرباز محەمەد، ئەندامى خانەى ڕاپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە هەژمارى فەرمى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى "چوار ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی سیاسیی گۆڕان و یەکێتی، بۆ ئەوکات ئەو رێککەوتنە قۆناغێکی نوێ بوو لەکایەی سیاسی ھەرێم، لەکاری پێکەوەیی حزبی، لە وەلانانی ناکۆکیەکان و رێککەوتن لەسەر بابەتە ھاوبەشەکان. بەڵام ھەر زوو یەکێتی نەک پاشگەز بوەوە، بەڵکو وەکو دوژمن مامەڵەی لەگەڵ کردین".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە "ئێستا قۆناغێکی نوێیە، پاش ژانێکی زۆر سەخت، گۆڕان لاپەڕەیەکی نوێی ھەڵداوەتەوە، لاپەڕەیەک کە بەرژەوەندی خەڵک ناونیشانەکەیەتی، یەکێتی ھەمان نیازی ھەیە، بەوردی چاوەڕوانی وەرگێڕانی نیەتەکانین بۆ کردار، کرداری سەرەکیش لای یەکێتیە".

 

یەکێتى و گۆڕان چوار ساڵ لەمەوبەر رێککەوتنى دەباشانیان لەنێوانیان واژۆکرد بۆ هەماهەنگى و پێکەوە کارکردن و یەکگرتنى فراکسیۆنەکانیان لە هەرێم و عێراق، بەڵام رێککەوتنەکە جێبەجێنەکرا و هەڵپەسێردرا و هەردولا یەکتریان بە جێبەجێنەکردنى تۆمەتبارکرد.

 

بەڵام لە ئێستادا هەردوو حزبەکە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بووەتەوە و بەم دواییانە دووجار پێکەوە کۆبونەتەوە و هەڵوێستەکانیان لەسەر پرسی لامەرکەزیەت یەکخستووە.

 

ئەو دوو حزبە هەروەها لەگەڵ پێنج فراکسیۆنى دیکە هاوهەڵویست بوون لەکۆبوونەوەکەى حەوتى ئەم مانگەى پەرلەماندا کە تێیدا متمانە لە پەرلەمانتار سۆران عومەر وەرگیرایەوە.

 

سەربارى ئەوەش گۆڕان و یەکێتى رەخنەیان هەیە لە هاوبەشەکەیان لە حکومەت (پارتى)، لەکاتێکدا هەریەکەیان بەجیا رێککەوتنیان لەگەڵ ئەو حزبە کردووە بۆ پێکهێنانى حکومەت.