گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پڕۆسەى ’شێرەكانى جزيرە’.. بۆچى سوپاى عێراق دواى پاشماوەكانى داعش كەوتوە؟

2020.05.17 - 17:24
پڕۆسەى ’شێرەكانى جزيرە’.. بۆچى سوپاى عێراق دواى پاشماوەكانى داعش كەوتوە؟

ناس کورد- 

تەحسين خەفاجى، وتەبێژى سەركردايەتى پڕۆسە هاوبەشەكان ئاشكراى كرد، پڕۆسەى "شێرەكانى جزيرە" بۆ ڕاوەدونانى پاشماوەكانى ڕێكخراوى داعش دەستى پێكردوە، ئەمەش لەكاتێكدايە ئەو ڕێكخراوە ماوەى چەند هەفتەيەكە هێرشەكانى بۆ سەر هێزە ئەمنيەكان و هاووڵاتيانى مەدەنى چڕ كردوەتەوە.

 

پڕۆسەكە بە سەرپەرشتى سەركردايەتى پڕۆسە هاوبەشەكان دەستى پێكردوە و ئامانج لێى كێوماڵكردن "بيابانى جزيرە لە باكورى پارێزگاى ئەنبار" و "باشورى پارێزگاى نەينەوا" و "خۆرئاواى پارێزگاى سەڵاحەدين"ە تا دەگات بە سنورەكانى سوريا.

 

خەفاجى لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕى سكاى نيوز باسى لەوەكردوە، پڕۆسەكە بەيانى ئەمڕۆ كاتژمێر 6 لە 11 ميحوەرەوە لە سێ پارێزگا دەستى پێكردوە، ئەو پڕۆسەيە زۆر گرنگە و سەركردايەتيەكانى پڕۆسەكانى ئەنبار و جزيرە و سەڵاحەدين و سەركردايەتى خۆرئاواى نەينەوا تێيدا بەشدارن.



بۆچى پڕۆسە سەربازيەكە دەستى پێكرد؟

 

ئەو بەرپرسە سەربازيە عێڕاقيە باسى لەوەكردوە، ئەو ناوچە بيابانيانە پەناگەيەكى ڕێكخراوە تيرۆستيەكانن لە هەمان كاتيشدا گرێيەكى پەيوەندى نێوان ئەو پارێزگايانە و پارێزگاكانى كەركوك و ديالەيە.

 

ئاماژەى بەوەشداوە، بە شيكردنەوەى ئەمنى و هەواڵگرى پڕۆسەكە دەستى پێكرد بۆ ڕاوەدونانى پاشماوەكانى رێكخراوى داعش لەو ناوچانە كە سنورى نێوان سەركردايەتيەكانى پڕۆسەكان و مەودايەكى فراوانى بيابانيە و هێزيان تێدا نييە.

 

جەختیشى كردوەتەوە، ئەو پڕۆسەيە بەو گەورەييە ئاگاداركردنەوەى تيرۆرستانە لەوەى كە هيچ پەناگەيەكى ئارام نييە بۆيان، هەروەها بۆ پچڕانى ڕێگەى پەيوەندى نێوانيانە لەگەڵ ناوچەكانى ترى وەك ديالە و كەركوك.

 

 وتەبێژى سەركردايەتى پڕۆسە هاوبەشەكان ئەوەشى رونكردوەتەوە، پڕۆسەكە لەسەر زانيارى وردى هەواڵگرى ئەنجام دراوە و هێزى ئاسمانى عێراقيش لە ئاسمانەوە پاڵپشتى دەكات، هێزە عێراقيەكان پەستانێكى گەورەيان لەسەر تيرۆرستان دروستكردبوو پێش ڕەمەزان ئەوەش واى كرد ئەو چەكدارانە لە ناوچەكانيان كە پێيان وابوو پارێزراوە بێنە دەرەوە.

 

بەوتەى وتەبێژەکەى سەرکردایەتى پڕۆسە هاوبەشەکان، چەكدارانى داعش كەمن و بەشێوەى گروپى بچوك بچوك بڵاوبونەتەوە و هەزاران نين وەك پڕوپاگەندەى بۆ دەكرێت، هەروەها ئەو توانايەى پێشوو لەبەردەستيدا بوو ئێستا نييەتى.



تەكتيكەكانى داعش

 

خەفاجى باسى لەوەكرد، چەكدارانى ئێستاى پاشماوەى داعش سوديان لە گۆڕينى ياساى پێدادان بينيوە و لەناو هاووڵاتيانى عێراقيدا خۆيان دەشارنەوە، هەندێكيان لەڕێگەى سنورەوە هاتونەتە ئەمديو ئەوەش بەهۆى تێكچونى بارودۆخ لە سوريا.

 

ئەوەشى وتوە، تەكتيكى ئێستاى داعش بەكارهێنانى مۆڵگەى ئارامە لەپێناو جێبەجێكردنى پلانەكانيان، وەك چاندنى بۆمب و ڕاكردن، بەئامانجگرتنى هاووڵاتيان و هێزە ئەمنيەكان لە دورەوە، دواتر بڵاوكردنەوەى ئەو كارانەيان لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان بۆ بەرزكردنەوەى ورەى ئەو چەكدارانەيان كە ڕوخاون و پەرش و بڵاوبونەتەوە، هەروەها قۆستنەوەى بارودۆخەكە بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە و هەوڵى بەئامانجگرتنى ژێرخان و كێڵگە كشتوكاڵيەكان كە ئەوەش شەڕێكى ئابوريە.

 

بەپێى وتەكانى خەفاجى، تەكتيكى هێزە عێراقيەكانيش جياوازە بۆ ڕوبوڕوبونەوەى ئەو چەكدارانە و لەئێستادا پڕۆسەكانى لەسەر زانيارى هەواڵگرى و لەڕێگەى ئاسمانى و سەرچاوەى تايبەتەوە ئەنجام دەدات، ئەوە شەڕى زانياريە و لەسەر چەند زانياريەك هەڵوێست و جوڵەكان بنياد دەنرێن.