گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بە 20 ڕۆژ جێبەجێدەكرێت

سەرڕێژی ئاوی دوكان بەپلانێك رادەگیرێت

2019.04.12 - 13:56
App store icon Play store icon Play store icon
سەرڕێژی ئاوی دوكان بەپلانێك رادەگیرێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-ئەحمەد مستەفا

بەنداوی دوكان پلانی هەیە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی لەسەر بیل ماوسی بەنداوەكە و لە ماوەی 20 ڕۆژی داهاتوودا ئاوی بەنداوەكە كەمدەكاتەوە.

حەمە تاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "بەهۆی زیادبوونی ئاو لە كۆگای بەنداوی دوكان، لە ئەمڕۆوە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكەمان بۆ 1,000 مەتر سێجا لە چركەیەكدا زیادكردووە و پلانمان هەیە لە ماوەی 20 ڕۆژی داهاتوودا سەرڕێژی ئاوی بەنداوەكە لە زیاتر بەردانەوەی لە بیل ماوس-ەوە رابگرین".

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاماژە بەوە دەكات، بیل ماوسی بەنداوەكە لەوە زیاتر سەرڕێژی ئاوی لەسەر بكرێت دەكەوێتە مەترسییەوە، گەر باران بارینیش هاوكار بێت بۆ پلانەكەیان ئەوان سەركەوتوو دەبن و مەبەستیانە بەنداوەكە بەپارێزراوی بمێنێتەوە و هەماهەنگیشیان لەگەڵ لایەنە ئیدارییەكان كردووە.

روونیشیكردەوە، ئێستا بەنداوەكە ڕۆژانە 900 مەتر سێجا ئاوی پێدەگات، بەڵام ڕێژەی بەردانەوەیان بۆ 1,000 مەتر سێجا ئاو زیاد كردووە ئەوەش لەچوارچێوەی پلانەكەدایە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاگاداری هەریەك لە لایەنە ئیداری و ئەمنییەكانی ناوچەكانی كۆیە و تەقتەق و پردێ و سێگرتكان و ئاشتی كردۆتەوە و هۆشداری ئەوەی داوە پێیان كە زیاتر بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكە زیانی ماددی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بەپێویستیزانیوە كە ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بەتایبەت ئەو شوێنانەی كەمەترسی كۆبوونەوەی ئاوی لێدەكرێت.