گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

واشنتن پۆست: جەنگی سارد لەنێوان ئەمریکا و چین دەستیپێکردووە

2020.05.17 - 15:31
واشنتن پۆست: جەنگی سارد لەنێوان ئەمریکا و چین دەستیپێکردووە

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەهۆی زیادبوونی هەڵوێستی دوژمنانەی نێوان ئەمریکا و چین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەگەری هەیە ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا بپچڕێنێت و جەنگی سارد لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەرهەڵبدات.

 

بە گوێرەی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی، لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر ئابوری ئەمریکا و وڵاتانی جیهان و تۆمەتبارکردنی ڕاستەوخۆی چین لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێدەچێت ئەمریکا و وڵاتانی جیهان سزای تووند بەسەر چیندا بسەپێنن. 

 

ئاماژە بەوەکراوە، دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئێستا بە پاڵپشتی کۆمارییەکان و بەشێکی زۆریش لە دیموکراتەکان خەریکە بیرۆکەی پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چین لا گەڵاڵە دەبێت. 

 

شارەزیان و چاودێران ئەو دۆخەی کە ئێستا جیهانی تێیدا گوزەر دەکات و ئەوەی لە نێوان ئەمریکا و چیندا دەگوزەرێت بە سەرەتای  بەرپابوونی جەنگی سارد لە قەڵەم دەدەن و دەڵێن: "لە ئێستادا فشارە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و فشارە هەرێمایەتییەکانی لە ئاسیا هەمووی بەرەو پەرەسەندنی هەڵویستی دوژمنانە دژ بە چین دەروات". 

 

شارەزایان پێشیانوایە، وەک هەنگاوێکی پێشوەختە لەو جەنگە ساردەدا، بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە  کە بڕیاریداوە بە سنوردارکردنی پێدانی ڤیزا بە ڕۆژنامەنوسە چینییەکان بۆ ناو خاکی ئەمریکا.

 

هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا و چین بە بەردەوامی ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە جەنگی سارد لە نێوانیاند ڕووبدات، بەڵام بە گوێرەی ئاژانسی "ڕویتەرز" هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە جەنگی سارد لە نێوان ئەو دوو وڵاتدا لە ئارادایە.

 

هاوکات بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی چین، "ئاستی هەڵوێستی ڕق و دوژمنانە دژ بە چین بە تایبەتی پاش تۆمەتبارکردنی لەلایەن ئەمریکاوە بە شاردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە شێوەیەک لە ساڵی 1989ەوە نمونەی نەبووە، لەو ساڵەدا بەهۆی خۆپیشاندانەکانی خۆێندکارانی چین لە گۆڕەپانی تيانانمين کە وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرکۆنەی مامەڵەکردنی دەسەڵاتی ئەوسای چینیان کرد بەرامبەر بە خۆێندکارانی وڵاتەکەی". 

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو: "بەرکەوتنی زیانی مرۆیی و ئابوری سەخت لە ئەمریکا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی هەردوو وڵات لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردودا بە هۆی ململانێی بازرگانی، کایەکانی تەکنەلۆژیا،  گرژییەکان لە سەر هۆنگ کۆنک و تایوان و ململانێ ناوچەییەکانی دەریای چین، ئەمانە هەمووی وایکردووە سیناریۆی پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەمریکا  وچین یەکێک بێت لە ئەگەرەکان".

 

ئەو ڕاپۆرتە چینییە لە کاتێکدایە کە دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار و لەسەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی چین کردووە بەوەی کە زانیارییەکانی لە ئەمریکا و وڵاتانی جیهان شاردوەتەوە دەربارەی جۆر و شێواز و مەترسیداری بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە، بۆیە ئێستا جیهان بەو شێوەیە گیرۆدەی پەتاکە بوون.

 

ڕاپۆرتە چینییەکە هۆشداری ئەوەشی داوەتە بەرپرسانی چین، ئەگەری هەیە ئەمریکا هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەر بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی چین لە ڕووی ئابوری و سەربازییەوە لە کیشوەری ئاسیا .

 

لە ئاکامی گرژییەکانی گۆڕەپانی "تيانانمين" پێش 30 ساڵ لە چین، ئەمریکا و حکومەتە ڕۆژئاواییەکان کۆمەڵێک سزایان بەسەر چیندا سەپاند کە پێکهاتبوو لە ڕێگریکردنی فرۆشتنی چەک و گەیشتنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەو وڵاتە.

 

لای خۆشیەوە، کلیت ویلیمز، بەرپرسی بازرگانی پێشووی کۆشکی سپی، بەتۆڕی هەواڵی  CNBC ئەمریکی وتووە: "ئەوەی ئێستا لە نێوان ئەمریکا و چین دەگوزرێت، سەرەتای جەنگی ساردی نێوان هەردوولایە، بۆیە ئەگەر هۆشدار نەبین ئەو دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتردەبێت".

 

هاوکات ئۆرڤیلل شێل، بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین بەماڵپەڕی "بیزنس ئینسایدەر"ی وتووە: "ئێمە لە سەرەتای  جەنگی ساردین لەگەڵ چین بەرەبەرەش هەڵوێستە دوژمنکارییەکان بەرامبەر بەو دەوڵەتە لە هەڵکشاندایە".