گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژندا

2020.05.17 - 14:19
لێدوانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژندا

ناس کورد-

جارێکی تر دەنگۆی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، باس لەو پرسە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێکیان نەکردووە لەوبارەیەوە، دەشڵێت، تائێستا لە ڕێنماییەکانیاندا بۆ رۆژانی جەژن قەدەغەی هاتوچۆی تێدا نییە.

 

دوای ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێک هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکرا و ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانە مابوونەوە بەرەو نەمان دەچوو، بەڵام لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا 13 توشبووی نوێی ڤایرۆسەکە لە شاری سلێمانی تۆمارکرا، ئەوەش دەنگۆی دووبارە قەدەغەی هاتوچۆی هێنایەوە سەر زاری هاووڵاتیان بەتایبەت لە ڕۆژانی جەژندا.

 

لەوبارەیەوە محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی لە کۆبوونەوەکان و پلانەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە باس لە قەدەغەی هاتوچۆ کراوە و ئێستاش باسدەکرێت، واتە شتێکی نوێ نییە".

 

وتیشی، وەک وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیارێکیان نەکردووە بۆ جێبەجێکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەدوای تۆماکردنی ئەو حاڵەتانەی ڕۆژانی ڕابردوو.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرقاڵی ئامادەکردنی کۆمەڵێک ڕێنمایین بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژندا جێبەجێبکرێن و کەمترین قەرەباڵغی و مەترسی دروست ببێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ڕێنماییەکاندا قەدەغەی هاتوچۆی تێدا نییە.

 

محەمەد قادر خۆشناو ڕونیشیکردەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێنماییەکان بڵاودەکەنەوە و هیوادارن هاوڵاتیان پێوەی پابەندبن بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە تەشەنەسەندنەوەی ڤایرۆسەکە.