ناس کورد-
درەنگانی شەوی ڕابردوو تازە پێشمەرگەیەکی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان تەقەی لە چەند پێشمەرگەیەکی دیکە کرد و یەکێکیان گیانیلەدەستدا، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، پێشمەرگەکە هەڵاتووە و تائێستا نازانن هۆکارەکە چی بووە، گومانیش دەکەن "سیخوڕی ئێران" بوو بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار لە ڕووداوەکە لەناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ناس کوردی وت: "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بارەگایەکی لە کوێستانەکانی باڵاکایەتی هەیە و ڕووداوەکە لەوێ ڕوویداوە، کاتێک ئەو پێشمەرگەیە تەقەی لە چەند پێشمەرگەیەکی دیکە کردووە و یەکێکیان شەهید کردووە".
وتیشی، بریندارەکەش تەندروستی تاڕادەیەک باشبووە، بەڵام گوازراوەتەوە بۆ هەولێر، ئێستاش پێشمەرگەکە هەڵاتووە و بەشوێنیدا دەگەڕێن تا بیدۆزنەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، ڕووداوەکە لەپڕ ڕوویداوە و پێشترهیچ کێشەیەک لەنێوان ئەو پێشمەرگانەدا نەبووە و بەهیچ شێوەیەکیش پەیوەندی بە کێشەی سیاسییەوە نییە، بەڵکو لەپڕدا و لەکاتی قسەکردن و گاڵتەوگەپدا ڕوویداوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو پێشمەرگەیەی تەقەی کردووە، ماوەیەکی کەم و چەند مانگێکە بووەتە پێشمەرگە و گومانێک هەیە کە سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ئێران بوبێت و ئەو کارەی کردبێت، دەشڵێت: "ئەگەر نەگیرا و ڕایکردەوە بۆ ئێران ئەوا کەواتە سیخوڕ بووە".
باسی لەوەشكرد، هەرکاتیش گیرا ئەوکات ڕوندەبێتەوە کە بۆچی ئەو کارەی کردووە و هەمووان ڕاستیەکە دەزانن، بەڵام ئێستا ناتوانرێت هیج شتێک بوترێت و لە خۆوە قسە بکەن.
هاوکات هەرلەبارەی ڕووداوەکەوە، ستادی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند: "بەداخێکی گرانەوە کاتژمێر 9:00ی شەوی ڕابردوو بەھۆی دەمەقاڵەیەک، تەقەکردن لە نێوان ھاوڕێیانی پێشمەرگە لە بناری ھەڵگورد دروست دەبێت کە بەوھۆیەوە ھاوڕێیەکمان بە ناوی ئاروین ئەسڵانی گیانی لە دەستدا و پێشمەرگەیەکی دیکەش برینداربووە کە برینەکەی سوکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا دۆخەکە کۆنترۆل و ھێور کراوەتەوە و تەرمی ئاروین گەڕێندراوەتەوە بارەگای سەرەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ئەسپەردە کرا و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن لە ڕووداوەکە.