گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرباری نەهامەتی کۆرۆنا هۆشداری لە نەهامەتیی هێرشی کولە بۆسەر جیهان دەدرێت

2020.05.17 - 10:17
سەرباری نەهامەتی کۆرۆنا هۆشداری لە نەهامەتیی هێرشی کولە بۆسەر جیهان دەدرێت

ناس کورد-

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە سەرهەڵدانی  قەیرانێکی دیکەی مەترسیدار بەڕووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، ئەویش قەیرانی برسێتییە کە لەئێستادا بەهۆی هێرشی بەکۆمەڵی کولەوە خەریکە ئاسایشی خۆراکی ملیۆنەها مرۆڤ لەجیهاندا دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونەوە.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی"جیرۆزالم بۆست" وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، خۆرهەڵاتی ئەفریقیا وهیندستان لە ئێستادا دووچاری هێرشی شەپۆلی دووەمی بەکۆمەڵی کولە بوونەتەوە، کە شەپۆلی یەکەم لە سەرەتای ئەمساڵدا ناوچەکانی نیمچە دورگەی عەرەبی، عێراق، ئەردن و سوریا، ئێران و ڵاتی هیندستانی  گرتەوە.

 

دۆنغ یو، سەرۆکی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان کە ناسراوە بە ( فاو) ڕایگەیاند، توانیویانە تائێستا زیاتر 720 هەزار تۆن لە دانەوێڵە لە مەترسی هێرشکردنی کولە لە 10 وڵاتی جیهاندا بپارێزن.

 

یو، هۆشداری ئەوەی داوە، هەرچەندە ئەوان توانیویانە لە ماوەی ڕابردودا لە جەنگەکەیان دژ بە کولە سەرکەوتن بەدەستبهێنن و سەرچاوەی بژێوی ملیۆنەها مرۆڤ لەو مەترسییە بپارێزن، بەڵام جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە و پێدەچێت لە چەند مانگی داهاتوودا قەیرانی کەمی خوراک لە چەند ناوچەیەکی جیهاندا سەرهەڵبدات. 

 

بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی کە لەلایەن ڕێکخراوی ( فاو)ی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان  بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی ئەو کراوە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا هێرشی بە کۆمەڵی کولە دوچاری ناوچەکانی نیمچە دورگەی عەرەبی، ئێران، سوریا و ئەردەن بێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە شەپۆلی یەکەمی لە مانگی شوباتی ڕابردودا ئەو ناوچانەی گرتبووە.

 

ڕێکخراوی خۆراک وکشتوکاڵی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکردووە، پێدەچێت لەکاتی هێرشی دووەمی کولە بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە بەبری زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیانی پێبکەوێت.

 

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا کولە ئاسایشی خوارکی 60 وڵاتی سەر زەوی خستوەتە مەترسییەوە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کولە لە ڕۆژێکدا دەتوانێت بە قەبارەی خواردنی ٣٥ هەزار کەس زیان بە بەروبوومی کشتوکاڵی بگەیەنێت

 

لەوباریەوە کیس کریسمان، شارەزا لە بواری شەپۆلەکانی کولە لە ڕێکخراوەی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوەیکگرتووەکان دەڵێت: " کولە توانای ئەوەی هەیە لەڕۆژێکدا نزیکەی 100 کیلۆمەتر بفرێت و ئەگەر هێرشیکردەسەر هەر کێڵگەیەکی دانەوێڵە، ئەوا لەسەرەتای ڕۆژکەدا تا ناوەڕاستی ئەو ڕۆژە بە تەواوی کۆتایی بەو کیڵگەیە دەهێنێت".  

 

لای خۆشییەوە کەناڵی "CNN" ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە: " ژمارەی یەکێک لەو کۆمەڵە کولانەی کە پێش ماوەیەک هێرشی کردوەتەسەر وڵاتی کینیا لە ئەفریقیا لە ژمارەی دانیشتوانی ولایەتی نیویۆرک زیاتربووە".

 

هۆشداری ئەوەشدراوە، ئەگەر پێش هاتنی مانگی حوزەیرانی داهاتوو کولە لە جیهاندا قەڵاچۆ نەکرێت، ئەوا ژمارەی ئەو کولانەی کە ئێستا چەندین وڵات بەدەستییەوە  گیرۆدەبوون ژمارەیان  400 هێندە زیاد دەکات.

 

لای خۆیەوە دیڤید بیسلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ  دەڵێت: "بەهۆی ململانێی نێودەوڵەتی، قەیرانی کۆرونا لە جیهاندا و مەترسی کولە، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێدەچێت دوچاری قەیرانێکی دیکە بێتەوە، ئەوەش قەیرانی کەمی خوراک و برسێتییە".

 

ئەو بەرپرسە نێودەوڵەتییە ئاماژە بەوەکردوە: "لەئێستادا 821 کەس لە جیهاندا ڕۆژانە بەگەدەی خاڵی و بە برسێتی دەخەون، هێرشی کولەش ئەو نەهامەتییەی زیاد کردووە، بە جۆرێک لەئێستادا  نزیکەی 130 ملیۆن کەسی دیکە لە جیهاندا بەهۆییەوە چوونەتە ڕێزی ئەوانەی کە بەدەست برسیتییەوە دەناڵێنن".