کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ و سبەی لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵە هەور لە ئاسمانی هەرێم.
لەراگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، پێشبینی كەشوهەوای 48 كاتژمێری داهاتووی ناوچەكانی كوردستان، راگەیەندراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە پێشبینی دەكرێت ئاسمانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژانی هەینی و شەممە، لەهەریەك لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی، ساماڵ بێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵە هەور و ئەگەری بارینی نمە باران لە ناوچە شاخاوییەكان و ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی.
راگەیەندراوەكە روونیدەكاتەوە، لە هەریەك لە پارێزگاكانی دهۆك و كەركوك بۆ ڕۆژانی هەینی و شەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەوری جیاجیا لە ئاسمانی ئەو ناوچانە.
بەپێی پێشبنییەكان، لە ڕۆژی دووشەممەوە شەپۆلێكی دیكەی باران بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ئەو شەپۆلی باران بارینە تا ڕۆژی چوارشەممە واتا دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هاوكات ماڵپەڕی ئەكوا وێزە ئاشكرای كردووە، ئەو شەپۆلی باران بارینە كۆتا شەپۆلی باران دەبێت و چیتر بارانی بە خوڕ لەم وەرزەدا لە هەرێمی كوردستان نابارێت.