گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى جیهانى: کاتى ئامادەکارییە بۆ شەپۆلێکى بکوژى کۆرۆنا نەک ئاهەنگگێڕان

2020.05.16 - 15:16
تەندروستى جیهانى: کاتى ئامادەکارییە بۆ شەپۆلێکى بکوژى کۆرۆنا نەک ئاهەنگگێڕان

ناس کورد-

ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانى ئەوروپا خۆیان بۆ "شەپۆلى دووەم و بکوژ"ـى کۆرۆنا ئامادە بکەن لەبەرئەوەى پەتاکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

 

هانز كڵۆک، بەڕێوەبەرى هەرێمایەتى رێکخراوەکە لە ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى تێلیگرافی بەریتانى هۆشدارییەکى ڕوونى داوەتە ئەو وڵاتانەى کە دەستیانکردووە بە سوککردنى ڕێوشوێنەکانى داخستن و قەدەغەی هاتوچۆ.

 

هانز دەڵێت، "ئێستا کاتى ئامادەکارییە نەک ئاهەنگگێڕان".

 

کڵۆگ ئاماژەى بەوەکردووە، کەمبوونەوەى حاڵەتەکانى توشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتانى وەک بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا، واتاى ئەوە نییە کە پەتاکە نزیکە لەوەى کۆتایی بێت.

 

هەروەها هۆشداری دا لەوەى ناوەندی ئەوروپى بۆ بڵاوبوونەوەى پەتاکە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتە، لەگەڵ بەرزبوونەوەى ژمارەى حاڵەتەکان لە ڕوسیا و ئۆکرانیا و بیلاروسیا و كازاخستان.

 

بە پێویستیشى زانى ئەو وڵاتانە بەدانایی کات بەکاربهێنن و دەستبکەن بە پتەوکردنى سیستەمى تەندروستى گشتى و تواناى نەخۆشخانەکان و چاودێرى و سەرەتایی و یەکەى چاودێرى چڕ.

 

"وڵاتانى وەکو سەنگافورە و یابان پێشوەختە تێگەیشتن کە ئێستا کاتى ئاهەنگگێڕان نییە، بەڵکو کاتى ئامادەکارییە".

 

بەرپرسەکەى تەندروستى جیهانى دەشڵێت، شەپۆلى دووەمى کۆرۆنا دەکرێت دوو سەرە بێت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەکانى دیکەى وەکو ئەنفلۆنزاى وەرزى.

 

زۆرێک لە شارەزایان هۆشداریان داوە لەوەى شەپۆلى دووەمى پەتاکە ڕەنگە کوشندەتر بێت لە شەپۆلى یەکەم، وەک چۆن لە ئەنفلۆنزاى ئیسپانیدا ڕوویدا لەنێوان ساڵانى 1918-1920.

 

دەشڵێن، کاتێک ئەنفلۆنزاى ئیسپانی بۆ یەکەمجار لە ساڵى 1918 دەرکەوت، ئاماژەکان ئەوەیان دەردەخست کە نەخۆشیەکى گوازراوەى ئاسایی بێت، بەڵام دواتر بەشێوەیەکى کوشندەتر لە پایزدا دەرکەوت کە لەکۆتاییدا بووە هۆى مردنى نزیکەى 50 ملیۆن کەس.