گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی ’’ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگە’’ بکات بۆ پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان

2020.05.16 - 14:49
کازمی ’’ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگە’’ بکات بۆ پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان

ناس کورد-

وەزارەتى بەرگریی عێراق لە کابینەى نوێی حکومەت بە سەرۆکایەتى مستەفا کازمى ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە دەستپێبکات بۆ دانوستان لەسەر دۆسیەى ئەمنى ناوچە جێناکۆکەکان، ئەوەش دواى زیادبوونى جموجۆڵەکانى داعش لەو ناوچانە.

 

بەمدواییانە داعش توانیویەتی جموجۆڵێكی پڕ مەترسیدار لە چەند شارێكی عێراق لەوانە كەركوك و سەڵاحەدین و دیالە دەستپێبكات، دەرفەتیشی بۆ ئەنجامدانی كردەوەکانى لەناوچەی جێناكۆكەكاندا قۆستووەتەوە، بەتایبەت هەندێ لەو ناوچانە نیچمە چۆڵن نە هێزی عێراقی تێدایە نە پێشمەرگە.

 

بەرپرسێكی باڵای ئەمنی عێراق بە عەرەبی جەدیدی ڕاگەیاندووە، داعش سودی لە ناكۆكیەكانی نێوان هەرێم و فیدراڵ وەرگرتووە بەتایبەت لەسەر بەڕێوەبردنی ناوچە جێ ناكۆكەكان و نەبوونی هەمانەنگی سەربازی لەنێوان بەغدا و هەولێردا کە دەرفەتی پەلامار و جموجۆڵەكانی بۆ داعش زیاتر كردووە.

 

ئەوە بەرپرسە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، وەزارەتی بەگریی عێراق و لەچوارچێوەی كارنامەكەی كازمیدا سوورە لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا بەمەبەستی دیاریكردنی كارە ئەمنییە لەپێشینەكان لەناوچەی جێناكۆكەكاندا و پێشمەرگەش دەیەوێت هێزێكی هاوبەش لەگەڵ بەغدا پێكبهێنرێت لەو ناوچانەدا.

 

بەرپرسە ئەمنیەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئەو ئاڕاستەیە بۆ كاركردن ڕەتكراوەتەوە بەڵام پەیوەندییەكانی وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە لەسەر ئەو دۆسییە بەردەوامە.

 

وەزارەتى پێشمەرگە ماوەى چەند ساڵێکە داواى هەماهەنگى سەربازى لە بەغدا دەکات بۆ بەرێوەبردنى دۆسیەى ئەمنى ئەو ناوچانە، بەڵام تا ئێستا بەغدا وەڵامى داواکانى نەداوەتەوە.

جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت، داعش لە چوار مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا 85 کردەوەى تیرۆریستى لەناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامداوە کە بوونەتە هۆى کوژرانى 70 کەس و برینداربوونى 161 کەسى دیکە و رفاندنى 41 کەس.

 

وتیشى، "زۆرترین کردەوەکان لە مانگى نیساندا بوون کە 37 کردەوە بوون، داعش ستراتیژى هێرشبردنى گۆڕیوە، پشت بە گروپى بچوکى جیاجیا و شانەى نوستوو دەبەستێت لەو ناوچانە".

 

لای خۆشیەوە ماجد شنگاڵی، پەرلەمانتاری پارتی لەخولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، نەبوونی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە موسڵ و مەخمور و كەركوك و دیالە و چەند ناوچەیەكی تر دەرفەتی بۆ داعش ڕەخساندووە جموجۆڵ بكەن و چەند پەلامارێك ئەنجامبدەن.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، دووبارە هەماهەنگی كردنی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق لەو دۆخەدا زۆر گرنگە بەتایبەتی لەناوچە جێناكۆكەكان كە نە پێشمەرگەی تێدایە و نەسوپای عێراق ئەوەش بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە.

 

داواش لە مستەفا كازمی دەكات بێگوێدانە ناكۆكی و بەرژەوەندییە سیاسیەكان خەمێكی دۆسییەی ئەمنی ئەو ناوچانە بخوات.

 

بەشى زۆرى هێرشەکانى داعش لەم ماوەیەى دواییدا بۆ سەر سنورى ناوچە جێنکۆکەکان بوون، کە لەدواى ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 ەوە بۆشایی ئەمنى تێیاندا دروستبووە، بەهۆى نەمانى هەماهەنگى نێوان سوپا و پێشمەرگە.

سوپای عێراق: ڕێگە نادەین داعش یەک ناوچەى عێراق کۆنتڕۆڵ بکات

عەبدولڕەحیم شەمەری، پەرلەمانتاری عێراق كە خەڵكی موسڵە دەڵێت، "كورد هەوڵی قۆرخكردنی دۆسییەی ئەمنیی ناوچە جێناكۆكەكان دەدات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی لەڕێگەی هەوڵی سەلماندنی ئەوەى دۆسییەی ئەمنی ناوچەكە ناپارێزرێت بەبێ پێشمەرگە".

 

شەمەری ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، گەرچی ناكۆكی سیاسی لەسەر ئەو دۆسیانە هەیە بەڵام دەكرێت عەشایەرەكانی ناوچەكە چەكدار بكرێن بۆ ئەوەی بتوانن ڕوبەڕووی داعش ببنەوە و حكومەت ئەو كارەش لەئەستۆ بگرێت.



شەمەری باسی لەوەش كردووە، هیچ شتێك بەناوی بوونی هێزی هاوبەش لەو ناوچانە بوونی نییە، كورد ڕەتیدەكاتەوە سوپای عێراق بچێتە ناوچە كوردییەكان تەنانەت لەلایەن هەر وڵاتێكی تریشەوە دەستدرێژی بكرێتە سەر ئەو ناوچانە، ئیدی بۆچی دەیانەوێت هێزی هاوبەش لەناوچە جێناكۆكەكان دروست بكرێت.

 

بەپێچەوانەی ئەو پەرلەمانتارەوە، مەهدی ئامرلی ئەندامی لیژنەی ئاسایش لەپەرلەمانی عێراق بوونی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسییە بەپێویست دەزانێت.

 

وتووشیەتی پێشتر حكومەتیان لەجموجۆڵ و چالاكییەكانی داعش لەو ناوچەیە كە بۆشایی ئەمنیشی قۆستووەتەوە ئاگادار كردووەتەوە و داواشیان كردووە، هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بكرێت.

 

بەپێی وتەی بەرپرسە ئەمنیەكان، جموجۆڵەكانی داعش هەروا هەڕەمەكی نییە بەڵكو بەپێی پلانێكی ستراتیژیە كە ئەو ناوچانەی كردووەتە ئامانج.

 

هاوکات محمەد حەیانی، پسپۆڕی بواری ئاسایش بە ماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندووە، داعش سودی لە ناكۆكییەكان وەرگرتووە و كردوونی بە شوێنى ئەنجامدانى كردەوە تیرۆریستیەكانی و نەبوونی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق زۆر مەترسیدارە و دەبێت دۆسییەی سیاسی لەدۆسییەی ئەمنیی جیابكرێتەوە.