گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی پارتى مشتومڕەکانى لەبارەى فواد حسێنەوە یەکلاییکردەوە

2020.05.16 - 12:49
پەرلەمانتارێکی پارتى مشتومڕەکانى لەبارەى فواد حسێنەوە یەکلاییکردەوە

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى پارتى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، سورن لەسەر کاندیدکردنى فوئاد حسێن بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە لە حکومەتەکەى مستەفا کازمیدا.

 

مەیادە محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى لە لێدوانێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، "پارتى تا ئێستاش سورە لەسەر ئەوەى فوئاد حسێن تاکە کاندیدیەتى بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزیرى دەرەوە".

 

وتیشى، "ئەوە پرسە یەکلاکراوەتەوە و هیچ کاندیدێکى جێگرەوە نییە بۆ فوئاد حسێن لەکاتى پێشکەشکردنى ناوەکانى دیکە بۆ پڕکردنەوەى پۆستە وەزارییەکاندا". 

 

لەبارەى ئەگەرى ڕەتکردنەوەیەوە، پەرلەمانتارەکەى پارتى باسى لەوەکرد، "بۆ هەر ڕووداوێک قسەى خۆیان دەبێت."

 

فوئاد حسێن کە لەکابینەکەى عادل عەبدولمەهدیدا وەزیرى دارایی بوو لەلایەن پارتییەوە کاندیدکراوە بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى دەرەوە و لایەنە شیعییەکان ناڕازین لەسەر کاندیدکردنى بۆ وەرگرتنى پۆستەکە.  

 

تائێستا حەوت وەزارەتى کابینەکەى کازمى یەکلانەکراونەتەوە و لەلایەن کازمى و بەشێک لە وەزیرەکانى ترەوە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێت و دیار نییە کەى وەزیریان بۆ دادەنرێت.  

  

بەپێی ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراقى، لەکاتێکدا یەکێتى نیشتیمانى کوردستان سێ کاندیدى بۆ پۆستى وەزارەتى داد کاندیدکردووە، هەردوو پۆستى وەزارەتى دەرەوە و نەوت کێشەى گەورەن لەبەردەم تەواوکردنى کابینە وەزارییەکەدا.  

 

ریاز مەسعودى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، "سەرۆکوەزیران قۆناغێکى گرنگى تێپەڕاندووە بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى و ئێستا لە پێگەیەکى بەهێزدایە، تۆپەکە لە گۆڕەپانى هێزە سیاسییەکاندایە بۆ تەواوکردنى کابینەکەى".  

    

لەبارەى پۆستى وەزارەتى دەرەوە، مەسعودى باسى لەوەکردووە، ئەوە پشکى لایەنە کوردییەکانە کە تا ئێستاش سورن لەسەر کاندیدکردنى فوئاد حسێن، لەکاتێکدا لەلایەن بەشێکى گەورەى پەرلەمانتارانەوە ڕەتکراوەتەوە.