گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوت و دەرەوە دیارترین گرفتى تەواوکردنى کابینەکەن

سائیرون: فوئاد حسێن لەلایەن بەشێکى زۆرى پەرلەمانتارانەوە ڕەتدەکرێتەوە

2020.05.16 - 09:01
سائیرون: فوئاد حسێن لەلایەن بەشێکى زۆرى پەرلەمانتارانەوە ڕەتدەکرێتەوە

ناس کورد-

 

پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانى سائیرون لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکانى نەوت و دەرەوە دیارترین گرفتى بەردەم تەواوکردنى کابینەکەى مستەفا کازمین و ئێستا تۆپەکە لەگۆڕەپانى لایەنەکاندایە، بەشێکى زۆرى پەرلەمانتارانیش فوئاد حسێن ڕەتدەکەنەوە کە لایەنە کوردییەکان سورن لەسەر کاندیدکردنى.

 

تا ئێستا حەوت وەزارەتى کابینەکەى کازمى یەکلانەکراونەتەوە و لەلایەن کازمى و بەشێک لە وەزیرەکانى ترەوە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێت و دیار نییە کەى وەزیریان بۆ دادەنرێت.

 

بەپێی رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراقى، لەکاتێکدا یەکێتى نیشتیمانى کوردستان سێ کاندیدى بۆ پۆستى وەزارەتى داد کاندیدکردووە، هەردوو پۆستى وەزارەتى دەرەوە و نەوت کێشەى گەورەن لەبەردەم تەواوکردنى کابینە وەزارییەکەدا.

 

ریاز مەسعودى  پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە "سەرۆکوەزیران قۆناغێکى گرنگى تێپەڕاندووە بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى و ئێستا لە پێگەیەکى بەهێزدایە، تۆپەکە لە گۆڕەپانى هێزە سیاسییەکاندایە بۆ تەواوکردنى کابینەکەى".

 

وتیشى "بەڵێنى کازمى لەبەردەم پەرلەمان ئەوە بووە، کە وەزارەتى نەوت پشکى پارێزگاى بەسرە دەبێت، بژاردەى جێهێشتنى دیاریکردنى کاندید بۆ نوێنەرانى ئەو پارێزگایە کێشەى گەورەى دروستکردووە".

 

لەبارەى پۆستى وەزارەتى دەرەوە، مەسعودى باسى لەوەکردووە، ئەوە پشکى لایەنە کوردییەکانە کە تا ئێستاش سورن لەسەر کاندیدکردنى فوئاد حسێن، لەکاتێکدا لەلایەن بەشێکى گەورەى پەرلەمانتارانەوە ڕەتکراوەتەوە.

 

فوئاد حسێن کە لەکابینەکەى عادل عەبدولمەهدیدا وەزیرى دارایی بوو لەلایەن پارتى یەوە کاندیدکراوە بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى دەرەوە و لایەنە شیعییەکان ناڕازین لەسەر کاندیدکردنى بۆ وەرگرتنى پۆستەکە.