گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران بەرزترین توشبوى ڕۆژانەى كۆرۆناى لە مانگێکدا تۆماركرد

2020.05.15 - 23:58
ئێران بەرزترین توشبوى ڕۆژانەى كۆرۆناى لە مانگێکدا تۆماركرد

ناس کورد-

 

كۆمارى ئيسلامى ئێران 2100 توشبوى نوێى ڤايرۆسى كۆرۆناى تۆمار كرد ئەوەش بەرزترين ژمارەى ڕۆژانەيە لەماوەى يەك مانگدا، بەوەش كۆى گشتى توشبوانى ڤايرۆسەكە لەو وڵاتە گەيشتە 116 هەزار و 635 توشبوو.

 

كيانوش جهانپور وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئێران ڕایگەیاند، لەماوەى 24 كاتژمێرى ڕابردودا زياتر لە 2100 توشبوى نوێى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئێران تۆمار كراون، ئەوەش زۆرترين ژمارەى ڕۆژانەيە لە ماوەى يەك مانگدا تۆمار كرابێت.

 

وتيشى، ئەو بەرزبونەوەى ژمارەى توشبوانيش كتوپڕە و کۆى گشتى توشبوان لەسەرەتاى پەتاكەوە لە ئێران گەيشتوەتەوە 116 هەزار و 635 ، بەوەش ئێران بوەتە زەرەرمەندترين وڵاتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە.



تائێستا 6900 گيان لەدەستدان

تا ئەمڕۆ هەينى ژمارەى گيان لەدەستدان بە ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئێران گەيشتوەتە 6900 كەس، ئەوەش دواى ئەوەى لەماوەى 24 كاتژمێرى ڕابردودا 48 گيان لەدەستدانى ترى تۆمار كردوە.

 

لەسەرەتاى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە كۆمارى ئيسلامى ئێڕان لەمانگى دووى ئەمساڵەوە ئەو وڵاتە ڕوبەڕوى ئەركى قورس بوەتەوە بۆ كۆنترۆڵكردنى پەتاكە.

 

حاڵەتى ئاگادارى سور

تائێستا پارێزگاى خوزستانى باشورى خۆرئاواى ئێران لە حاڵەتى ئاگادارى "سور"دايە كە باڵاترين ئاستى مەترسيە و ڕەنگى سورە، خوزستان تاكە پارێزگايە كە ڕێوشوێنەكان تێيدا دوبارە چالاك كرانەوە وەك داخستنى شوێنە بازرگانيە نا سەرەكيەكان.

 

عەلى نەجاتى وتەبێژى يەكەى بەرەنگاربونەوەى پەتاكە لە خوزستان ڕۆژى پێنج شەممە ڕايگەياند، ئەم هەفتەيەش خوێندنگاكان ناكرێتەوە لە پارێزگاكە، لەوانەيە چەندنين پارێزگاى تريش هەمان ئاستى ئاگادارى ڕابگەيەنن، وەك پارێزگاكانى "لوڕستان" لە خۆرئاوا، "سيستان و بلوجستان" لە باشورى خۆرهەڵات و "ئازەرباجان" لە باكورى خۆرئاوا كە ژمارەى توشيوان تێياندا بەرز دەبێتەوە، داواشى لە دانيشتوانى پاڕێزگاكە كرد كە ڕێزى ڕێوشوێنە تەندروستيەكان بگرن.

 

كرانەوەى قۆناغ بە قۆناغى چالاكى ئابورى

لە 11 ى مانگى نيسان حكومەتى ئێرانى ڕێگەیدا بەوەى كە  قۆناغ بە قۆناغ چالاكيە ئابوريەكان دەستپێبكەنەوەو رێوشوێنە سەپێنراوەكان لەسەر جوڵەى دانيشتوان لەنێوان شارەكان لاببرێن، هەفتەى پێشوش ڕايگەياند كە خوێندنگاكان بەشێوەيەكى ڕێژەيى دەكرێنەوە بەڵام ئامادەبونى خوێندكاران ناچارى نييە.

 

ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردوش دەرگاى مزگەوتەكان كرانەوە بۆ ئەنجامدانى نوێژ لە شەوانى كۆتايى مانگى ڕەمەزاندا.

 

بەپێى ژمارە فەرميەكان تائێستا 91836 توشبوى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئێران چاكبونەتەوە، شارەزايانى بيانى پێيان وايە ژمارەكان لە ئێران زۆر لەو ژمارانە زياترن كە حكومەتى تاران ڕايگەياندوە.