گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى تاكە چارەسەر بۆ سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا لە عێراق ئاشكرا دەكات

2020.05.15 - 22:44
ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى تاكە چارەسەر بۆ سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا لە عێراق ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

 

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى ڕایگەیاند، "جياكردنەوەى ناوچەيى" تاكە چارەسەرى بەسودە بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە عێراق، ئەوەش دواى ئەوەى ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسەكە بەرێژەيەكى بەرچاو لە عێراق بەتايبەتى لە شارى بەغداى پايتەخت زياديكرد.

 

"تاکە چارەسەر"

 

ئەدهەم ئيسماعيل نوێنەرى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى لە عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراق وتويەتى، جياكەرەوەى ناوچەيى لەوانەيە لە چەند ڕۆژى داهاتودا دەستپێبكات، ئەوەش تاكە چارەسەرە چونكە لەماوەى دوو هەفتەدا ئەنجامەكانى دەردەكەون.

 

باسى لەوەشكردوە، ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى تەواو لەگەڵ قسەكانى وەزيرى تەندروستيدايە تايبەت بە بونى شەش ناوچە لە بەغدا و بەسرە كە پێويستە قەدەغەى هاتوچۆ تێياندا بسەپێنرێت، ئەويش بەشێوەيەكى توند  و دەستپێكردنى ڕوپێوى فراوان و چالاك چونكە ئەو ناوچانە بونەتە ناوەندى ڤايرۆسى كۆرۆنا، ئەوەش بوەتە هۆى زيادبونى ژمارەى توشبوانى ڕۆژانە لە عێراق.

 

دەشڵێت، بارودۆخەكە لەناوچەكانى تر بەباشى بەڕێوەدەچن، ئەگەر ئەو ناوچانەى كە جياكردنەوەى تەندروستى دەيانگرێتەوە گەمارۆ نەدرێن ئەوا مەترسى گواستنەوەى ڤايرۆسەكە بۆ ناوچەكانى تريش دروست دەبێت، بۆيە گرنگە كە ڤايرۆسەكە گەمارۆ بدرێت.

 

نوێنەرى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى لە عێراق رونيشيكردوەتەوە، دواى ئەوەى توشبوى تێدا تۆمار كرا پارێزگاى نەجەف پابەند بوو بە ڕێوشوێنەكانەوە و گەمارۆى شارەكە دراو و ڕێوشوێنى پێويست دەستيان پێكرد، پشكنين ئەنجام دەدران بۆ ئەوانەى لەگەڵ توشبواندا پەيوەنديان هەبوو ئەوەش بوە هۆى سەركەوتن بەسەر نەخۆشيەكەدا، بۆيە پێويستە شوێنپێى نەجەف و ناوچەكانى تر بگيرێتە بەر، داواش لە هاوڵاتيان دەكات پابەند بن و بڕوايان بە مەترسى ڤايرۆسەكە هەبێت.

 

ئاماژەى بەوەشداوە، ئەنجامدانى نزيكەى 50 هەزار پشكنينى تاقيگەيى هاوكار دەبێت بۆ ئەنجامدانى  ڕوپێوى خێرا لەو ناوچانەدا، بەڵام پێويستە بە تەواوەتى جيابكرێنەوە تا ڤايرۆسەكە نەگاتە ناوچەكانى تريش، پێويستە ڕێوشوێنى جياكردنەوەى ناوچەيى خێرا بێت و لەوە زياتر دوانەخرێت چونكە ژمارەى توشبوان زياد دەكەن.

 

دوو هۆکار بۆ زیادبوونى توشبووان

وائل حتاحت بەرپرسى فرياكەوتن لە نوسينگەى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى لە عێراق دەڵێت، لەماوەى دوو ڕۆژى ڕابردودا ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا بەشێوەيەكى بەرچاو زياديان كردوە لە عێراق ئەوەش دوو هۆكارى هەيە، يەكەميان ئيجابيە كە زيادبونى پشكنينەكانە كە لەئێستادا ڕۆژانە 3 هەزار پشكنين دەكرێن، هەروەها ئاسانكارى لە جێبەجێكردنى دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى كراوە.

 

ئەو بەرپرسەى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى لە عێراق ڕونيشيكردوەتەوە، "جێبەجێكردنى دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى واتاى دابڕاندنى خەڵك نييە لە يەكترى، بەڵكو واتاى ئەوەيە كە پێويست مەودايەكى پێويست هەبێت لەنێوان كەسەكاندا لە هەموو شوێنەكاندا، هەروەها تۆمارنەكردنى توشبوو واتاى ئەوە نييە كە پشكنينەكان بوەستێنرێن ئەوەش لەپێناو دڵنيابون لە نەبونى ڤايرۆسەكە".

 

داواش لە هاوڵاتيان دەكات كە دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى لە ڕۆژانى جەژندا جێبەجێ بكەن، چونكە هەر هەڵەيەك دەبێتە هۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە بەشێوەيەكى بەربڵاو، لە قۆناغى داهاتوشدا تەركيز لەسەر زيادكردنى تواناى تايبەتى دەكرێتەوە.

 

باسى لەوەشکردووە، بارێكى پێداويستى تايبەتى كە لەلايەن ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيەوە دابين كراوە گەيشتوەتە هەرێمى كوردستان و بەم نزيكانەش بارێكى تر دەگاتە بەغدا، ئەو بارەى گەيشتوەتە هەولێر بريتيە لە 5 هەزار كيتى پشكنين، زۆربەى ئەگەرەكان بۆ ئەوەن كە پێش زستانى داهاتوو ڤاكسينێك بۆ ڤايرۆسەكە بدۆزرێتەوە و هەروەها ئەگەرى گەڕانەوەى ڤايرۆسەكە هەيە.

 

  "ڤايرۆسەكە فێر بوە لەناوماندا بژى"

مارگرێت هاريس وتەبێژى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى سەبارەت بەوەى كە قۆناغە مەترسيدارەكەى كۆرۆنا تێپەڕيوە ياخود نا وتى "ڤايرۆسەكە فێر بوە لەناوماندا بژى و ئاژاوە بڵاوبكاتەوە تائێستا پەتاكە لە قۆناغەكانى سەرەتايدايە لە ئەفريقا و ئەمريكاى باشور و چەندين ناوچەى ترى جيهان، تەئكيديشى كردەوە كە ڕێكخراوەكە پێشبينى بەرزبونەوەى ڕێچكەى ڤايرۆسەكە لە باشورى ڕۆهەڵاتى ئاسيا دەكات بەتايبەتى لە هندستان و پاكستان".

 

ئەو بەرپرسەى ڕێكخراوى تەندروستى هۆشداريشيدا لە زيادبونى توشبوان لەو ناوچانەى كە چاودێرى تەندروستى تێياندا لاوازە و ژمارەى كارمەندانى تەندروستى وپێداويستيەكاندا تێياندا كەمن، "هەر هەوڵێك بۆ بەرەنگاربونەوەى پەتاكە بەس نييە چونكە ڤايرۆسەكە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانەى كە تێياندا سەركەوتن بەسەريدا ڕاگەيەنراوە".

 

سەبارەت بە ڤاكسينى دژە ڤايرۆسەكە وتى، گەشەپێدانى ڤاكسينێك نابێتە هۆى كۆنترۆڵكردنى ڤايرۆسەكە بە تەواوەتى، "لەوانەيە ڤاكسينێكى باش گەشە پێبدەين بەڵام ئايا هەموان دەتوانن بەدەستى بهێنن؟ ئايا بەسەر هەموو ئەو دەوڵەتانەدا دابەش دەكرێت كە پێويستيان پێيەتى؟".

 

هۆشداريشیدا لەوەى، مرۆڤايەتى پێويستى بە چەندين ساڵە تا بەرگرى دژى ڤايرۆسەكە بەدەست بهێنێت ئەگەر ڤاكسينێكى دژى ڤايرۆسەكە دروست نەكرێت.

 

سەبارەت بە قسەكانى دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمريكا كە پێى وايە تا كۆتايى ئەمساڵ ڤاكسينێكى كاريگەر بەرهەم دەهێنرێت، مارگرێت هاريس وتى "ئەو پێشبينيە ئەگەرى نييە، شارەزايانى 100 تيم لەسەرتاسەرى جيهاندا كار لەسەر پەرەپێدانى ڤاكسين دەكەن، بەڵام ئەو پرۆسەيە كاتى پێويستە بەتايبەتى بۆ سەلماندنى ئەوەى كە كاريگەر و سەلامەتە".