گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەت داواى قەرزیکردووە بۆ دابەشکردنى موچە؟

مەلا یاسین سێ رێگە بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکانى حکومەت لەوەبەرهێنەران ئاشکرادەکات

2020.05.15 - 17:24
مەلا یاسین سێ رێگە بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکانى حکومەت لەوەبەرهێنەران ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

وتەبێژى یەکێتى وەبەرهێنەرانى کوردستان ڕایگەیاند، حکومەت جدییە لە وەرگرتنەوەى قەرزەکانى لە وەبەرهێنەران، جەختیشدەکاتەوە کە ئاگادارنەکراونەتەوە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەوەى قەرزى پێبدەن بۆ دابەشکردنى موچە.

 

رۆژى 10ى ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە تەواوبوو کە حکومەت بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکانى لەبازرگان وەبەرهێنەران دیاریکردبوو، راستەوخۆش ڕێوشوێنەکانى لەو بارەیەوە دەستپێکرد.

 

مەلا یاسین مەحمود وتەبێژى یەکێتى وەبەرهێنەرانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، 20%ى وەبەرهێنەران قەرزەکانیان داوەتەوە بە حکومەت و پاکتاویانکردووە، بەڵام هێشتا زۆرێک بازرگان و وەبەرهێنەر قەرزەکانیان نەداوەتەوە.

 

وتیشى "رێکارەکانى وەرگرتنەوەى قەرزەکان بەپێی یاسا رێکخراوە، کە خۆى دەبینێتەوە لە دەستبردن بۆ موڵک و ماڵى رەهنکراو کە قەرزەکەى پێوەرگیراوە".

 

وتیشى "دواى دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵەکان، حکومەت دەبێت لەرێگەى زیادکردنى ئاشکراوە بیانفرۆشێت، ئەگەریش کەس نەهاتە پێشەوە حکومەت بە 80%ى نرخى خەمڵێنراو هەڵیدەگرێتەوە و دەیکاتە ناوى خۆیەوە".

 

رونیشیکردەوە "ئەگەر دەرکەوت قەرزارەکان ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە، لەهەر شوێنێک موڵک یان پشکیان هەیە، تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەش بێت حکومەت دەتوانێت دەستیان بەسەردا بگرێت و دواتر بیانختە زیادکردنى ئاشکراوە".

 

بەوتەى مەلا یاسین، ئەگەر حکومەت ئەوەیکرد، وەبەرهێنەر و بازرگانەکان توانیان لەماوەى دوو ساڵدا قەرزەکانیان بدەنەوە، دەتوانن داواى رەهنەکانیان لە حکومەت بکەنەوە.

 

کۆى قەرزەکانى حکومەت دەگاتە 820 ملیار دینار کە لەلاى 50 وەبەرهێنەر و بازرگان و کۆمپانیایە و لەبەرانبەر وەرگرتنیان دەیان موڵک وەکو رەهن دانراوە.

 

وتەبێژى یەکێتى وەبەرهێنەران باسى لەوەکرد، رێگەیەکى دیکە ئەوەیە هەندێ وەبەرهێنەر هەیە قەرزى لەلاى حکومەتە، دەکرێت لەو رێگەیەوە قەرزەکان پاکتاو بکرێت.

 

ئەوەشى خستەڕوو، کە ئەوان پێشنیازێکیان ئاڕاستەى حکومەت کردووە بۆ ئەوەى وەبەرهێنەران بتوانن قەرزەکانیان لەگەڵ ئەو بەڵێندەرانە پاکتاو بکەن کە قەرزیان لەلاى حکومەتە، بۆ ئەوەى حکومەتیش لەقەرزى بەڵێندەران رزگارى بێت، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

 

"هیچ ڕێکارێکى دیکە نییە جگە لەو ڕێکارانە، ئەوانەشى لەهەندێک شوێن باس دەکرێت لەبارەى دەستگیرکردنى قەرزارەکان بەپێی یاسا هیچ بنەمایەکى نییە"، مەلا یاسین وایوت.

 

مەلا یاسین دڵنیایی خۆى نیشاندا لەوەى ئەمجارە حکومەت رێوشوێنەکانى بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکان دواى جەژنى رەمەزان دەگرێتە بەر، کە بەوتەى ئەو، رەنگە بەوهۆیەوە هەندێ کۆمپانیا مایەپوچ بن.

 

حکومەت داواى قەرزى کردووە لە وەبەرهێنەران؟

 

وتەبێژى یەکێتى وەبەرهێنەرانى کوردستان بێئاگایی خۆى نیشاندا لەوەى حکومەت داواى قەرزى لەهەندێ وەبەرهێن و بازرگان کردبێت بۆ ئەوەى موچەى فەرمانبەرانى پێ دابەشبکات، ئەگەرچى ئەو هەنگاوە بە ئاسایی دادەنێت ئەگەر حکومەت بیگرێتە بەر.

 

مەلا یاسین وتى "بانگنەکراوم بۆ ئەو بابەتە دوور و نزیک ئاگادارنەکراوینەتەوە، تەنها بۆ پرسی کۆرۆنا بانگهێشتکراین تا یارمەتى حکومەت بدەین".

 

جەختیشیکردەوە، ئاساییە حکومەت هەنگاوێکى لەو شێوەیە بنێت، چونکە کۆمپانیا هەیە دەتوانێت موچەى کوردستان بۆ ماوەى ساڵێک بدات و سەرمایەیەکى گەورەى هەیە.