گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکی حکومەت: پلانێکمان پەسەندکردووە بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات

2020.05.14 - 20:08
سەرۆکی حکومەت: پلانێکمان پەسەندکردووە بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات

ناس کورد-

لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەت پلانی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پەسەند کردووە، داواشی کرد ئەمریکا هاوکاری عێراق و هەرێم بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی.

 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیڤن فەیگن، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر کرد.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر دۆخی سەختی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد: " حکومەتی هەرێم پلانی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پەسەند کردووە کە بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان".

 

هاوکات لە بارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەکردەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەک کە ئەرک و مافەکانی هەرلایەک دیار و پارێزراوبن.

 

 هەر لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و کونسوڵی ئەمەریکا ستايشی رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا .

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستاندا و سەرۆکی حکومەت داوای کرد ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی  هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.