گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جۆكەر گەڕايەوە بۆ عێڕاق؟

مستەفا کازمى (تۆڵەکارانى خودا) لەخۆى زویر دەکات

2020.05.14 - 15:12
مستەفا کازمى   (تۆڵەکارانى خودا)  لەخۆى زویر دەکات

ناس کورد-

ئەندامانى حزبى "ثأر الله" ى ئيسلامى هێرشيان كردوە سەر مستەفا كازمى سەرۆكوەزيرانى نوێى عێراق ئەوەش دواى ئەوەى ئەندامانى هێزە ئەمنيەكان ئەندامانى ئەو حزبەيان بە تۆمەتى كوشتنى خۆپيشاندەران لە پارێزگاى بەسرە دەستگير كرد، هەروەها پياوێكى ئاينى لوبنانى توندڕەو كە سەركردەى ميليشيا عێڕاقيەكانە هۆشدارى دەدات.

 

 

حزبى "ثأر الله" لەبەياننامەيەكدا بڵاويانكردوەتەوە، گروپێك چەكدار بە چەكى سوك و چەكى سپى هێرشيان كردوەتە سەر بارەگايەكيان و هێزە ئەمنيەكانيش هێرشيان كردوەتە سەر بارەگاكە و پاسەوانەكانيان دەستگير كردوە، خۆشيان بە قوربانى دەزانن و پێيان وايە هێزە ئەمنيەكان ڕێگەيان داوە كە ئەوانەى دەستدرێژيان كردوە ئازاد بن.

 

ئەو حزبە ڕەتيشى كردوەتەوە كە ئەوان تەقەيان لەوانە كردبێت كە هەڵيانكوتاوەتە سەريان و باس لەوە دەكات، گروپێكى ناديار تەقەيان كردوە لە دەرەوەى بارەگاکانەوە ئەوەش بوەتە هۆى بڵاوەپێكردنى هێڕشكەران.

 

بەهۆى تەقەى چەكدارانى نوسينگەى ميليشياى "ثأر الله" لە شارى بەسرە خۆپيشاندەرێك كوژرا و ئەوەش مستەفا كازمى سەرۆكى حكومەتى ناچار كرد هێزێكى سەربازى بنێرێت بۆ دەستگيركردنى ئەو چەكدارانە و داخستنى بارەگاكەيان.

 

ئەوەش دەنگدانەوەيەكى زۆرى لە شەقامى عێراق و نێودەوڵەتيدا دروستكرد، چونكە يەكەم تەحەدا بوو بۆ دەسەڵاتى ميليشياكان لەلايەن سەرۆكى حكومەتەوە كە چەندين ساڵە ئەوە ڕوينەداوە.

 

لاى خۆشيەوە "عەلى كورانى" پياوى ئايينى توندڕەوى لوبنانى دانيناوە بەوەدا كە پاسەوانەكانى بارەگاى حزبى "ثأر الله" لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بەيەكياندا داوە و بەهۆيەوە خۆپيشاندەرێك كوژراوە.

 

كورانى روى قسەكانيشى كردوەتەوە "موقتەدا سەدر" سەرۆكى ڕەوتى سەدر و "هادى عامرى" سەرۆكى ئيئتلافى فەتح و دەڵێت، ئەى حاجى و ئەى بەڕێز ئێوە باشتر لە بارودۆخى ئەمنى دەزانن بەڵام من هۆشدارى لە هەڵگيرساندنى ئاگر دەدەم.

 

هەروەها هۆشداريشى داوە لە پلانى تۆڵەكردنەوە لە حەشدى شەعبى بەشێوەيەك كە دەگاتە سەرى ئەوانيش ئەگەر بێدەنگ بن لەوەى بەرامبەر  "ثأر الله"  كراوە، ڕەخنەش لە سەركردە شيعەكان دەگرێت بە تێپەڕاندنى كازمى وەك سەرۆكوەزيران، "گروپى جۆكەر"يش بەوە تۆمەتبار دەكات كە لە دەرەوە پشتگيرى دەكرێن بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكان.

 

جۆكەر دوبارە دەگەڕێتەوە

 

كورانى دوبارە دەربڕينى "جۆكەر"ى هێنايەوە بەرباس، ئەوەش دواى ئەوەى لەسەرەتاى خۆپيشاندانەكانى عێراق دەركەوتن، كە لەناو خۆپيشاندەراندا ماسكى فيلمى بەناوبانگى "جۆكەر" بەكاردەهێنرا بەڵام بەدەستكاریيەوە و لەناوەڕاستى مەيدانەكانى خۆپيشاندانەكانى بەغدا دەوەستان.

 

حسێن عەلى يەكێك لە چالاكوانە ديارەكانى عێراق لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان دەڵێت، بە بڵاوكردنەوەى وێنەى "جۆكەر"ى ناو خۆپيشاندانەكان دەمانەوێت نامەيەك بە جيهان بگەيەنين بەوەى كە دەسەڵاتێكمان لە پياوكوژ هەيە و دەيەوێت بمانكات بە ئاليەتێكى توندوتيژى ئەويش بەڕاكێشانمان بۆ توندوتيژى، هەروەك بەسەر كەسايەتى "جۆكەر" دا هات كە دەوروبەرەكەى شەڕيان لە دژى دەكر و ئەوەش بوە هۆى شێتبونى.

 

بەڵام نامەكە بەو شێوەيە بە ميليشياكان كە لەلايەن ئێرانەوە پشتگيرى دەكرێن نەگەيشت، بەڵكو پێيان دەڵێن "مافياكانى جۆكەر" و بەوە تۆمەتباريان دەكەن كە لەلايەن ئەمريكا و ئيسرائيلەوە پشتگيرى دەكرێن و هەوڵى بەرپاكردنى توندوتيژى دەدەن لە عێراق.

 

لاى خۆشيەوە "سەلام مورتەزا" ڕۆژنامەنوسى عێراقى بە پێگەى "الحرة"ى وتوە، پێدانى پياهەڵدانى شەڕەنگێزانە تەكتيكێكى ناسراوە بۆ ڕاكێشانى هەست و ئەو لايەنانە بەكارى دەهێنن كە توندوتيژى بەكاردەهێنن.

 

دەشڵێت، بەكارهێنانى وشەى "جۆكەر" بەو زۆريە لەلايەن ڕاگەياندنى ميليشياكان ئامانج لێى كەمكردنەوەى ئەو ڕەتكردنەوە و ڕەخنانەيە كە لە بەكارهێنانى توندوتيژى دژى خۆپيشاندەران دەگيردرێن، هەروەها ئامانجێكى تر لێى كەمكردنەوەى كاريگەرى ئەو كەسانەيە لەسەر چينى گەنجان.

 

پێگە و سەكۆ ڕاگەياندنەكانى وەك كەناڵى "العهد" كە سەر بە ميليشياكانە و دەوترێت لەلايەن ئێرانەوە پارەى بۆ دابين دەكرێت يەكێكە لەو دەزگايانەى وشەى "جۆكەر" بۆ ناوهێنانى خۆپیشاندەران بەكاردەهێنێت، "رائدە عگێلى" بەڕێوەبەرى پەيوەنديە گشتيەكانى كەناڵە دەڵێت، پياهەڵدانى جۆكەر بۆ كەسە تێكدەرەكانە ئەوانەى شوێنە بازرگانيەكان و موڵك و ماڵى گشتى و تايبەتيان تێكشاند و سوتاند و دەواميان لە دامودەزگا فێركاريەكان و بەڕێوەبەرايەتيەكانى حكومەت پەكخست.

 

حسێن عەلى دەڵێت، ئەوان شەڕى دوژمنێكى وەهمى دەكەن كە ناويان ناوە "مافياكانى جۆكەر" كە كۆمەڵێك گەنجن "ترێندين"ێكى جيهانيان بەكارهێناوە كە لە خۆپيشاندانەكانى جيهاندا بەكاردەهێنرێت ئەويش دواى دەركردنى بەشە نوێكەى فيلمى جۆكەر دروست بوو، ئەوەش لەكاتێكدايە كە دەسەڵات قەناسەكانى و دوكەڵەكەى و گولـلەكانى بەكاردەهێنێت بۆ كوشتنى سەدان خەڵكى بێتاوان لەسەر شەقامەكانى عێراق و برينداركردنى هەزارانى تر.

 

ئەحمەد شيخلى شيكەرەوەى سياسى باسى لەوەكردوە، هەر لەسەرەتاى خۆپيشاندانەكان خۆپياشندەران بەوە تۆمەتبار كران كە مافيان و لەلايەن ئەمريكا و ئيسرائيلەوە پشتگيرى دەكرێن و ناويان ناون ڕێكخراوى جۆكەر، هەروەها بەوە تۆمەتباريان دەكەن كە دژى مەرجەعيەتى ئايينين لە نەجەف، تۆمەتەكانيان هيچ بەڵگەيەكى نييە بەتايبەتى كە مەرجەعيەت پشتگيرى خۆپياشاندەران دەكات و خۆپيشاندەرانيش چەندين جار ستايشى مەرجەعيەتيان كردوە.

 

ئەو شيكەرەوە سياسيە دەشڵێت، ئێستا جارێكى تر ناوى "جۆكەر" بەكاردەهێنن و دەڵێن كە خۆپيشاندەران دژى حەشدى شەعبين لەكاتێكدا هێرشكردنە سەر بارەگاكان و سوتاندنيان تەنها ميليشياكانى گرتوەتەوەو بارەگاكانى حەشدى شەعبى لە هيچ ناوچەيەك نەكراونەتە ئامانج.

 

شيخلى پێشى وايە، تێكەڵاوكردنى كارتەكان بەو شێوەيە ئامانج لێى دروستكردنى ڕاى گشتى و پەستان خستنە سەر سەرۆكوەزيرانە بۆ ئەوەى جارێكى تر حكومەت ڕوبەڕوى خۆپيشاندەران ببێتەوە.