گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەكاری رەتکردنەوەى دوو کاندیدەکەى هێزە کوردییەکان لەلایەن شیعەکانەوە 

2020.05.14 - 14:33
وردەكاری رەتکردنەوەى دوو کاندیدەکەى هێزە کوردییەکان لەلایەن شیعەکانەوە 

ناس کورد- 

بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگاداری سیاسی لەعێراق، ناكۆكی لایەنە شیعەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی چەند وەزارەتێك بەردەوامە و چارەسەر نەبووە، شیعەكانیش لەسەر دوو كاندیدی كورد كە بۆ وەزارەتەكانی دەرەوە و داد پێشنیاركراون كێشەیان هەیە و ڕەتیاندەكەنەوە.

 

 

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگاداری سیاسی عێراق، كە بەمیدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، ناكۆكییە سیاسیەكان لەنێوان لایەنەكاندا بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وەزارییە بەتاڵەكان ماوەتەوە، گەرچی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران هەوڵدەدات بەپەلە پڕیان بكاتەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەك نیە بۆ ئەوەی بتوانێت پێش جەژن ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە.

 

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، شیعەكان لەناو خۆیاندا ناكۆكیان لەسەر پۆستی وەزارەتی نەوت و كشتوكاڵ هەیە و لایەنە سوننیەكانیش لەسەر وەزارەتی كشتوكاڵ جیاوازی و ناكۆكییەكان هەیە.

 

سەرچاوەكە ئەوەشی رونکردۆتەوە، ناكۆكی قوڵ لەسەر ئەو دوو وەزارەتە هەیە كە پشكی كوردن ( دەرەوە و داد)، هێزە کوردییەکان دوو كاندیدی پێشكەشی ئەو دوو وەزارەتە كردووە هەردوكیان لەلایەن لایەنە شیعەكانەوە ڕەتكراونەتەوە.

 

سەرچاوەكە جەختی لەوەش كردەوە، یەكێك لەكاندیدەكان "عەڕاب"ی جیابونەوەی هەرێمی كوردستانە و سەركردەی ڕێفراندۆمەكەی ئەیلولی ساڵی 2017 ە و شیاو نیە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، ئەوی دیكەشیان تاقیكراوەی حزبیە و ئەزمونی حزبی هەیە كە خالید شوانییە داوا دەكرێت بۆ وەزارەتی داد دابنرێت.

 

 سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، سەرۆكوەزیران ناتوانێت هیچ ناوێك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ وەرگرتنی متمانە تاوەكو ڕێكکەوتنی سیاسی لایەنەكانی لەسەر نەكرێت، ئەوەش لەترسی دووبارە نەبوونەوەی متمانە وەرنەگرتن بۆیە هەوڵی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكان لەنزیكترین كاتتدا دەدات.

 

 لای خۆیەوە، حەنین قەدۆ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هێشتا ناكۆكییە سیاسیەكان لەسەر ئەو پۆستە وەزارییانە یەكلا نەكراوەتەوە، پێدەچێت بكەوێتە دوای جەژنەوە.

 

قەدۆ باسی لەوەش كرد، كاندیدی وەزارەتی داد كە خالید شوانییە، چەكی بەڕووی سوپای عێراقدا هەڵگرتووە لەكاتی ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان و ئێستاش ناڕەوایە دەنگ بۆ كەسێك بدرێت كە چەكی بەڕووی سوپای عێراقدا هەڵگرتووە و دەبێت ئەو كاندیدە بگۆڕدرێت، هەروەها زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانیش فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە ڕەتدەكەنەوە.