گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لەعێراق دەكات

2020.05.14 - 14:12
نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لەعێراق دەكات

ناس کورد- 

بەگوێرەى پێشبینیەكانی بەرپرسێكی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و كۆمەڵێك قەیرانی كەڵەكەبووی ترەوە ڕێژەی هەژاری لەعێراق بۆ 40% بەرزبێتەوە.

بەرپرسەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان هانی دەسەڵاتدارانى عێراق دەدات بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان بەیارمەتی بانكە نێودەوڵەتیەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

بەگوێرەی وتارێكی پاتریك كۆكبێرن كە لەماڵپەڕی ئیندیپیندیت بڵاو كراوەتەوە، چانسی عێراقییەكان بەهۆی كۆمەڵێك قەیرانەوە باش نابیت كە دواترینیان دابەزینی زۆری نرخی نەوتە، كە زیانەكانی ئەو قەیرانە بە زۆرتر لەزیانەكانی داعش و ڤایرۆسی كۆرۆنا وەسف دەكرێت، چونكە لە 95% داهاتی عێراق پشت بەفرۆشی نەوت دەبەستێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا و لەسەر بنەمای زیانی ئەو قەیرانانە، جینین هینیس بلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق پێشبینی بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری بۆ 40% لەنێو ژمارەی دانیشتواندا دەكات كە پێشتر بەڕێژەی 20% لەساڵانی ڕابردودا تۆمار كراوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، پێشبینی دەكرێت بەرێژەی 9.7 % ئابوری عێراق تووشی دابەزین ببێت لەگەڵ بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری بۆ 40% لەساڵی 2020 هەروەها دابەزینی ئاستی چالاكیە ئابورییەكان.

 

بەرپرسەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان هانی دەسەڵاتدارانى عێراق دەدات، كەشوهەوایەكی لەبارو یەكسان بڕەخسێنن و دەرفەتی كار فەراهەم بكەن بەیارمەتی بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان.



هۆكاری قەیرانی دارایى بۆ دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێنرێتەوە كە بەهۆیەوە عێراق داهاتی مانگانەی لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا لە 6 ملیارەوە بۆ ملیارێك و چوارسەد هەزار دۆلار دابەزیووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی پلاندانان كە لەساڵی 2018 بڵاوكرایەوە، ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە 20% بەپێی جیاوازی شارەكانیش ڕێژەكە دەگاتە 50% لەهەندێ شاردا.

 

گەرچی ڕێژەكە بۆ 22% لەساڵی 2014 دابەزیوە بەڵام لەماوەی چوار ساڵدا حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان نەیانتوانیوە ڕێژەكە دابەزێنن تەنها ساڵی 2015 گەیشتووەتە 15%.

 

بەپێی ئامارەكان، یەک لەسەر پێنجى خەڵكی عێراق كەوتووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە ئەوەش بەهۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی و ڕێژەی بێكاری لەنێوان گەنجاندا، وای كرد ساڵی پار زنجیرەك لەخۆپیشاندان بەڕێوەبچێت لەدژی دەسەڵاتداران و تا ئێستاش بەردەوامە.