گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

(ئەو كارە نەكات كابینەكەی دەكەوێتە بەر مەترسییەوە)

توێژەرێكی سیاسی: هیچ بژاردەیەكی تر جگە لەدەركردنی هێزەكانی ئەمریكا  لەبەردەم كازمیدا نیە

2020.05.14 - 10:14
توێژەرێكی سیاسی: هیچ بژاردەیەكی تر جگە لەدەركردنی هێزەكانی ئەمریكا  لەبەردەم كازمیدا نیە

ناس کورد- 

توێژەرێكی دیاری سیاسی عێراق ڕایگەیاند، هیچ بژاردەیەكی تر جگە لەجێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لەبەردەم مستەفا كازمی سەرۆكوەزیراندا نیە، دەشڵێت گەر بێتو ئەو كارەش نەكات ئەوا كابینەكەی دەكەوێتە بەر مەترسییەوە.

 

عەلی وائیلی توێژەری سیاسی عێراقی بەمیدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، زۆربەی لایەنە سیاسیەكان بەتایبەت شیعەكان فەزڵیان بەسەر كازمییەوە هەیە بۆ گەیشتنە كورسی دەسەڵات، ئەو لایەنانەش مانەوەی ئەمریكا لەعێراقدا ڕەتدەكەنەوە و لەپەرلەمانیشەوە دەنگیان بۆ دەكردنی داوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كازمی لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكدایە كە دەبێت بڕیارەكەی پەرلەمان جێبەجێ بكات پێش مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەتایبەت ئەمریكا ئەو مانگەى دیاری كردووە وەكو كاتی دەستپێكردنی گفتوگۆکان لەگەڵ عێراقدا لەسەر پرسی چارەنوسی هێزەكانیان.

 

توێژەرە دیارە سیاسیەكەی عێراق باس لەوەش دەكات، ئەمریكا ڕیاكاریان بۆ كازمی و حكومەتەكەی دەستپێكردووە و سەرنجیان ڕاكێشاوە بۆ ئەوەی هێزەكانیان بمێننەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەى لایەنە سیاسیەكان دۆخەكە بارگرژتر بکەن و كابینەكەی كازمیش دەخاتە مەترسییەوە گەر بێتو بەرهەڵستی بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بكات.

 

وتەكانی ئەو توێژەرە سیاسیە لەكاتێكدایە، دوێنێ (چوارشەممە)، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتحی شیعەكان لەعێراق ئاشكرای كرد، تیمێكی حكومی دامەزراوە بەمەبەستی دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی بچنە دەرەوە لەعێراق.

جەختی لەوەش كردەوە، لایەنە سیاسیەكان لەپەرلەمانی عێراق سوورن لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراقدا و لێی پەشیمان نەبوونەتەوە و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەن.