گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دووانیان وڵاتى عەرەبین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێنج وڵات بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر تاوانبار دەکات

2020.05.13 - 23:47
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێنج وڵات بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر تاوانبار دەکات

ناس کورد-

وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێنج وڵات لە جیهاندا بەشێوەیەکی کارا وتەواو هاوکاری ئەمریکا نین لە هەوڵەکانی بنبڕکردنی تیرۆردا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی نوسینگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە ئەمڕۆ (چوارشەمە) بڵاوکراوەتەوە، "هەریەکە لە ئێران، سوریا، کۆریای باکور، فینزویلا و کوبا لە ساڵی 2019دا بە شێوەیەکی تەواو هەماهەنگ نەبوون لەگەڵ ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆقەڵاچۆکردنی تیرۆر لە جیهاندا". 

 

ڕاگەیەندراوەکە ئەوەی ڕوونکردوەتەوە کە ئەو وڵاتانە بە پێچەوانەی یاسای چاودێری و هەناردەکردنی چەک  کاریانکردوە و وەزارەتی دەرەوەش کۆنگرێسی وڵاتەکە لەو بارەیەوە ئاگادارکردوەتەوە، بۆیە لەمەودوا بەگوێرەی یاساکە ئەمریکا ڕێگری دەکات لە فڕۆشتنی چەک وهەموو زانیارییەکی سەربازی بەو وڵاتانە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی ئێرانەوە ڕوونیکردوەتەوە "سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە پاڵپشتیکردنی تیرۆر لە جیهاندا، بەجۆرێک ئێران لە ساڵی 2019 بە شێوەیەکی کارا پاڵپشتی میلیشیا شیعییەکان لەعێراق، لوبنان و یەمەن کردوە ".

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە سوپای پاسدارانی ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لە کوشتنی هاووڵاتیانی ئەمریکا و بڵاوکردنەوەی پشێوی لە ناوچە جیاجیاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

 

دەربارەی سوریا، ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، ڕژێمی ئەسەد لە سوریا لە ساڵی 2019 دا بەردەوامبووە لە داکۆکیکردنی سیاسی و سەربازی گروپە تیرۆرستییەکان، لە هەمانکاتیشدا پەیوەندی پتەوی لەگەڵ ( حیزبوڵا)ی لوبنانی و ئێراندا دروستکردووە ئەوەش بەمەبەستی قەڵاچۆکردنى نەیارانی و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی جەنگ.

 

 ئەوەی پەیوەندی بەکۆریای باکورەوە هەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیلەوەکردوەتەوە کۆریاى باکور لە ساڵی 1970وە داڵدەی ئەو چوار هاووڵاتییە ژاپۆنییەی داوە کە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ژاپۆنیان ڕفاندبوو، هاوکات چارەنووسی 12 هاووڵاتی ژاپۆنی کە لە حەفتاکان وهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕفێندراون تائێستا دیار نییە کە کۆریای باکور بەو کارە تۆمەتبارکراوە.



هەرچی وڵاتی فینزەویلایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی خستوەتە ڕوو" نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا کۆسپی لە پێش هەوڵەکانی ئەمریکادا دادەنێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕژێمەکەشی تێوەگلاوە لە ئەنجامدانی کردە تیرۆرستییەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

 

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا، دەربارەی وڵاتی کوبا، ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو وڵاتە دەیان ساڵە داڵدەی دەیان کەسایەتی داوە کە لە لایەن دادگاکانەوە داواکراون بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتێژی سیاسی، لە هەمانکاتیشدا کوبا لە ئێستادا 10 ئەندامی ڕێکخراوی "سوپای ڕزگاری" کۆڵۆمبیای داڵدەداوە کە دەستیان هەبووە لە تەقاندنەوەی ئەکادیمیای پۆلیسی وڵاتی کۆڵۆمبیا لە شاری بۆگۆتای پایتەخت کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 80 کەس لەو کارە تیرۆرستییە بوونەتە قوربانی.